Heman Hussein Yaseen Yaseen
10 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2019
هەولێر - AA
لە چوارچێوەی رۆژی نیشتمانیی جلوبەرگ رێورەسمێک بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی جلوبەرگ لە هەرێمی کوردستان لە ماڵی تورکمان رێکخرا و تیایدا ئامادەبووان بە جلوبەرگی تورکمانی بەشداری بۆنەکەیان کرد و دواتر خواردنی دۆڵمە وەکو خواردنێکی کولتووریی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
بەڕێوەبەری گشتی ماڵی تورکمان، گەیلان ئاڵتی پەرماخ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی نیشتمانیی جلوبەرگە لە هەرێمی کوردستان و تیایدا ئێمەی تورکمان لەم رۆژەدا دەمانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنین کە ئێمەش بوونمان هەیە و خاوەن مێژوویەکی دیرینین و لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا لەگەڵ برایان کورد بەیەکەوە دەژین و مزگەوت و گۆڕستانمان بەیەکەوەیە و دەمانەوێت لە رۆژە خۆشەکان و ناخۆشەکان بەیەکەوەیبن و لەم رۆژەدا وێرای پۆشینی جلوبەرگی نەتەوە جیاوازەکان، ئەوا وەکو کولتووری خۆمان خواردنی دۆڵمەمان ئامادەکردووە و پێشکەش بە ئامادەبووانی دەکەین".
گەیلان ئاڵتی پەرماخ گوتیشی: "کوردستان لە کۆمەڵێک پێکهاتە پێکهاتووە و لە بواری کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییدا هیچ جیاوازییەکمان نییە و وەکو نەتەوەی تورکمانیش داوامانکردووە کە وەکو میللەتێک سەیری ئێمە بکرێت نەک وەکو حزبێکی سیاسیی، بۆیە پێویستە مافە یاساییەکان و رۆشنبیرییەکانمان پێ بدرێت و نامانەوێت ناو هەبێت و ناورۆک نەبێت".
ماڵی تورکمان سەربە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و چالاکییەکانی لە چوارچێوەی پێکەوەژیانی نەتەوەکانە لە هەرێمی کوردستان و چەندین چالاکی میللی و رۆشنبری تیایدا ئەنجام دەدرێت.