شرناخ
کچە پەرستیارێکی خەڵکی شاری (دەنیزلی) لەڕۆژئاوای تورکیا، بەمەبەستی بەردەوام بوون لە خزمەتی فەرمانبەرێتی ڕِەوانەی شارۆچکەی (قلابان) دەکرێ لەپارێزگای شرناخ و لەوێ لەگەڵ کوڕە کوردێکدا یەکتر دەناسن و دواتر بڕیاری ھاوسەرگیریی دەدەن.
لەمەراسیمی گواستنەوەی کچی تورک بۆ کوڕی کورد، سێ ڕۆژ شایی و گۆڤەند بەردەوام بوو چەندین کەسی خزمی زاوا لەھەرێمی کوردستانەوە بەشداری ئاھەنگەکە بوون.
سەرحەد ئۆرەن، خاوەنکارێکی شارۆچکەی قلابانە دوای ئەوەی (نەزیفە چولھا)ی ناسی چووە خوازبێنی، سەرحەد دەڵێ ساڵانی پێشوو خەڵک لە ڕۆژئاوای تورکیا کچیان نەدەدا بە کوڕی ڕۆژھەڵات، خەڵک لەوێ بەھەڵە لەئێمە تێگەیەنرابوون، ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
سەرحەد گوتی " نەزیفە پێشتر فەرمانبەرێتی گواسترا بووەوە بۆ ناوچەی شێنوبا و دواتر بۆ شارۆچکەی قلابان لەوێ یەکترمان ناسیی. دوای ئەوەی ماڵە خەزوورانم ماڵباتی ئێمەیان بینی رازی بوون بە ھاوسەرگیرییمان".
بووکێ بەر لەوەی بگاتە ناوچەکە ترسێکی زۆری ھەبووە لەئارامی و ئاسایشی ئەو ناوچەیە، بەڵام کاتێ بۆخۆی دەگاتە ناوچەکە دەبینێ رەوش بەو جۆرە نەبووە کە لەدوورەوە تۆقی بوو لێی. نەزیفە بەو جۆرە باسی خۆی دەکات کاتێ دەچێتە ناوچەی شرناخ
" پێش ئەوەی ساڵی ٢٠٠٨ بێمە شرناخ زۆر ترسم، بەڵام دوای گواستنەوەم بۆ ئێرەو مامەڵەم لەگەڵ خەڵکەکەیدا، بۆم دەرکەوت خەڵکی ئەم ناوچەیە چەندە پەرۆشی ئینسانەکانی دەورو بەری خۆیانن، کاتێ وەزارەت بڕیاریدا بگوازرێمەوە بۆ ئیستەنبوڵ من رازی نەبووم و حەزم نەکرد شرناخ بەجێ بێڵم".
نەزیفە لەبارەی سەرحەدی مێردی گوتی " کوڕێکی زۆر رێکوپێک و شایستەیە، زۆر بەجوانی ھەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکا، ئەو کاتەی ھاتە خوازبێنیم منیش قەبوڵم کردو ئێستا ژیانێکی خۆشمان ھەیە".
لەکاتی بەرێوەچوونی ئاھەنگی گواستنەوەی نەزیفە بۆ سەرحەد، تێبینی ئەوە کرا بووکێ سێ کیلۆ ئاڵتون لەگەڵ ١٠٠ ھەزار لیرەی تورکی پێوەکرا بوو.