ھەکاری
بەرلە دەستپێکردنی رێورەسمەکە پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەبوبەکر جەیلان) راگری زانکۆی ھەکاری لە لێدوانێکدا رایگەیاند، تورکیا گەورەترین ھاوبەشی ئابووریی عێراقە و گەورەترین سەرمایەگوزاری بیناسازییە لەو وڵاتە.
جەیلان گوتی زانکۆکان لە کارلێککردنی نێوان دوو وڵاتدا، رۆڵی پەروەردە دەگێڕن. بەئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە کارلێککردنی کەلتوری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا روودەدا.
ھەروەھا گوتی "ئەم گرێبەستە پاڵپشتێکی گەورە دەبێ بۆ تۆکمەکردنی بەشی مامۆستایی زمانی کوردی کە بەنیازین لە زانکۆی ھەکاری بیکەینەوە. لە ھەمان کاتیشدا رۆڵی پێشەنگ دەگێڕین لە ھاندان بۆ زیادبوونی خواست لەسەر زمانی تورکی لە عێراقدا".
جەیلان پاش تەواوکردنی قسەکانی، لەگەڵ دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی راگری زانکۆی سەڵاحەدین گرێبەستی ئەنجامدانی کاری ئەکادیمی ھاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیانیان ئیمزا کرد.
لە چوارچێوەی گرێبەستەکەی نێوان ئەم دوو زانکۆیەدا ئاڵوگۆڕپێکردنی قوتابی و مامۆستایان ئەنجام دەدرێ. پڕۆگرامی ئەنجامدانی کاری ئەکادیمی و زانستیی ھاوبەش ڕێک دەخرێ. ئەمە جگە لە بەڕێوەبردنی پڕۆگرامی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان، ئەنجامدانی چالاکی ھونەری، پێگەیاندن و پێشختنی تواناکاری مامۆستایان و ھاوکاریکردنیان.
ھەروەھا کار دەکرێ بۆ تەرخانکردنی کۆتا بۆ قوتابیان، پێدانی بڕوانامەی ھاوبەش یان دوو بڕوانامە پێکەوە بەدەرچوونی لەو دوو زانکۆیە لەیەک کاتدا.