Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ئۆرکێسترای سەمفۆنیای سلێمانی، لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی، کۆنسێرتێکی ھونەری تایبەتی پێشکەشکرد.
بەڕێوەبەری ئۆرکێستراکە، نیاز نوری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئۆرکێستراکەدا زیاتر لە ٦٤ ژەنیار لە ئامێرەکانی (فرێنج ھۆڕن، ترامپێت، ترۆمبۆن، تیوبا، ئۆبوا، کلارینێت و کۆنترابەیس) بەشدارن کە ژمارەیەکیان ژەنیاری بەتوانای بیانین و لە وڵاتانی رووسیا و ئۆکراینا و جۆرجیاوە بانگێشت کراون.
لە کۆنسێرتەکەدا، دوو شاکاری بەناوبانگی موزیکی کلاسیکی ئەورووپی (بتھۆڤن، ئۆڤەرچووری ئیکمۆنت و شوبێرت، سەمفۆنیای ژمارە ھەشت کە بە سەمفۆنیای ناتەواو یان تەواو نەکراو ناسراوە) پێشکەشکران، ھەروەھا سێ پارچە موزیکی کلاسیکی کوردی بەجێھێنران کە بریتین لە: (د.دڵشاد محەمەد سەعید، سروشگەلی کوردی، ھەردی مەجید، دوو میلۆدی فۆلکلۆری کوردی بۆ ئۆرکێسترا و د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، گەشتێک بۆ کوردستان).
بڕیارە ھەمان کۆنسێرت رۆژی دووشەممەی داھاتوو لە شاری ھەولێر پێشکەش بکرێتەوە.