عێراق

یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان

" دەستبەجێ دەست بە دابەشکردن و بەکارهێنانیان ڤاکسینەکە دەکەین، بەفەرمی ئاگادارکراینەوە لەرووی سەلامەتی و بەکارهێنانەوە رێگەپێدراوە، دابەشکردنەکەش بۆ کارمەندان و پزیشکان دەبێت ئەوانەی لە ریزی پێشەوەی ترسناکیدان لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا".

Hawkar Yaseen, Heman Hussein  | 02.03.2021 - نوێکردنەوە : 03.03.2021
یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان

Arbil
ھەولێر - AA

یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆمپانیای سینۆفارمی چیننی گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی وەرگیرا.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو ٥٠ ھەزار ژەم ڤاکسینی کۆمپانیای سینۆفارمی چیننی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق ئەمڕۆ پشکی ھەرێمی کوردستان کە بڕەکەی پێنج ھەزار ژەمە گەیشتە ھەولێر و لە بازگەی شێراوە لەلایەن وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی چین لە ھەرێمی کوردستان وەرگیرا.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، د.سامان بەرزنجی لە رێوڕەسمی وەرگرتنی ڤاکسینەکەدا  کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخست و رایگەیاند "بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی گشتی کۆماری چین لە ھەرێمی کوردستان، ئامادەبووین لە دەروازەی شاری ھەولێر بۆ وەرگرتنی یەکەمین کاروانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە ئەمە یەکەمین کاروانی ڤاکسینە گەیشتە ھەرێمی کوردستان، وەک یەکەمین دەستپێشخەری لەسەر ئاستی جیھاندا بۆ ھەرێمی کوردستان وڵاتی چین پێنج ھەزار ژەم ڤاکسینی دابینکرد بۆ تیمی گروپی ترسناک کە پێویستە ڤاکسین وەربگرن".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند "ئەمە جۆرێکە لە جۆرەکانی ڤاکسین کە ئێستا لە زۆرێک وڵاتانی جیھان بەکاردەھێندرێت، دوێنێ کاروانێک ڤاکسین گەیشتە بەغدا و لەو کاروانەشدا پشکی ھەرێمی کوردستان کە لەلایەن وڵاتی چینەوە دابینکرابوو گەیششتە شاری ھەولێر و لێرەشەوە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان و ھەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشدەکرێت لەسەر بنەمای ئەو رێنماییانەی لیژنەی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئامادەی کردووە لەسەر ئەو پلانەی کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکەین لەرووی دابەشکردن و گواستنەوە و لۆجستیک".

راشیگەیاند "راھێنانی پێویست کراوە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا و چۆنییەتی بەکارھێنانی، لە قۆناغی یەکەمدا لە ھەشت سەنتەری دەستنیشانکراو لە ناو پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئەم نەخۆشخانانە دەتوانن بەکارھێنانی ڤاکسین بکەن، لە قۆناغی دووەمیشدا دەیان بنکەی تەندروستیی لە ھەموو شوێنەکان دەستنیشانکراوە خولی راھێنان ئەنجامدراوە بۆ چۆنییەتی بەکارھێنانی و راھێنان لەسەر جۆرە جیاوازەکانی ڤاکسین".

گوتیشی "ئەوەی ئەمڕۆ جۆری سینۆفارمی چیننە، ئەم ڤاکسینەش لەسەر بنەمای رێنماییە زانستییەکان دەدرێت بە کەسەکان و دابەشبوونەکەش بۆ بەکارھێنان دەبێت لەسەر تیمی پزیشکی و کارمەندانی تەندروستیی و ھەموو ئەوانەی کە لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا کاردەکەن و لە ھێڵی ھەرە پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەن و کارکردنیان لەگەڵ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، ئەمانە لە ریزی پێشەوەی ترسناکیدان بۆیە لە یەکەمین قۆناغدا ئەمان ڤاکسین وەردەگرن، بەڵام بەدڵنیایی لە داھاتوودا ئەولەویەت بۆ گروپەکانی دیکەی مەترسیداریش دەبێت کە تەمەن تێیدا دیاریکراوە و جۆری کەسەکان تیایدا دیاریکراوە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان تێیدا دیاریکراوە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تێیدا دیاریکراوە، ئەم بابەتەش وردەکاری زۆری تێدا ھەیە".

سامان بەرزنجی راشیگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق لە گفتوگۆدابووین، ھەفتەی داھاتوو کاروانێکی دیکەی ڤاکسینەکە دەگاتە عێراق و بەڵێنیان داوە لەو کاروانەش پشکی ھەرێمی کوردستانی تێدا دەبێت و بۆمان دەنێرن".

دەربارەی کاتی بەکارھێنانی ڤاکسینەکەش وەزیری تەندروستیی رایگەیاند "ئێمە دەستبەجێ دەستپێدەکەین بە دابەشکردن و بەکارھێنانیان، بەفەرمی ئاگادارکراینەوە لەرووی سەلامەتی و بەکارھێنانی ئەم ڤاکسینە رێگەپێدراوە و دەتوانین ئەم ڤاکسینە بەکاربھێنین بۆیە دەستبەجێ دەستدەکەین بە پلانی دابەشکردن و بەکارھێنانی بەگوێرەی رێنماییەکان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın