Heman Hussein Yaseen
16 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف، ڕێوڕەسمێکی بۆ یادکردنەوەی ئەو سەرکردە تورکمانانە ڕێکخست کە ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و دواتر خوێندنی سوڕەتی فاتیحە دەستی پێکرد.
ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی چەند کەسایەتییەکی تورکمان و ژمارەیەک لە خانەوادەی شەھیدان بەڕێوەچوو، تێیدا تیشکخرایە سەر ڕۆڵی ئەو سەرکردە شەھیدانە لە خەباتی سیاسیی ڕابردوودا.
لەمیانی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف لە گوتارێکدا ئاماژەی مێژووی سیاسیی ئەو سەرکردانە کرد و داوایشی کرد کە ئەو ڕۆژە بکرێتە پشووی فەرمیی لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەت.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن معروف گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە لە مێژووی تورکمانەکانی عێراق کە ڕۆژی کە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠، چوار سەرکردەی تورکمان لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بەبێ ھیچ ھۆکارێک دەستگیرکران و دواتر لە سێدارە دران، ئەمڕۆ لەو شارانەی کە تورکمانی تێدایە لە عێراق ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوەدەچێت و یادیان بەرز ڕادەگیرێت".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک لە فەرمانگە حکوومەیەکان ئەمڕۆژە بە فەرمیی کرا بە ڕۆژی شەھیدانی تورکمان، کە ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، داواش دەکەین ئەمڕۆژە بکرێتە پشووی فەرمیی لەسەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایدن مەعروف ئاماژەی بە ڕۆڵی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بوونی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگیرێت و بەشداری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبووان ڕا و بۆچوونیان لەبارەی شەهیدانی تورکمان خستەڕوو، بەشێک داوایان کرد کە لە ڕێگای وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانەوە قامووسێک چاپ بکرێت کە وێنەی سەرجەم شەهیدانی هەرێمی کوردستان بە هەموو حزب و پێکهاتە جیاوازەکانەوە لە خۆ بگرێت و، هەروەها بە پێویستیان زانی کە ڕۆژێک دیاریی بکرێت وەک ڕۆژی شەهیدان کە گوزارشت لە شەهیدانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیی، ئایینی و نەتەوەییەکان بکات.