Zana Natık Kerem
07 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، ھۆشیار زێباری رایگەیاند کە رێز لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرێت لە بارەی راگرتنی رێوشوێنەکانی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار بە شێوەی کاتی، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایەی کە لەسەری تۆمارکراوە، یەکلایی دەکرێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە راگرتنی رێوشوێنەکانی کاندیدکردنی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار کە لەسەر سکاڵایەک کە لەلایەن ھەریەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیلان غەفور ساڵح، کاروان عەل یاروەیس، کەریم شکور محەمەد و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی فەتح، عەلی تورکی جەسوم تۆماریان کردووە.
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەو سکاڵایەی کە پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵییان کردووە، داوا دەکەن کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە.
ھۆشیار زێباری لە تویتێکدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی نووسیوویەتی:
" رێز لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەگرم لە بارەی راگرتنی رێوشوێنەکانی کاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرکۆمار بە شێوەی کاتی، تا ئەو کاتەی ئەو سکاڵایەی کە لەسەرمان تۆمارکراوە، یەکلایی دەکرێتەوە".
راشیگەیاندووە"متمانەمان بەوەیە لەوەی دادگا ئەوە یەکلابکاتەوە کە مەرجەکانی کاندیدبوونم بۆ پۆستی سەرکۆمار لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە سەلمێندراوە و نەدابا ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت زیاتر لەپێناو دەستگرتنەوە بێت بە دەسەڵات".
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت سبەی دووشەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرێت.
پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کردووە.
لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی نۆی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە.
بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەنگی پێ بدرێت.