بەغدا
وەزیری دەرەوەی عێراق ھۆشیار زێباری ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بریت ماگریک و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا رۆبەرت ستیفن بیکرۆفت کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە قەیرانی سوریا و ئەو پرسوڕایانەی بۆ بەستنی کۆنگرەی جنێڤ ٢ لەئارادان کرد.
راگەیەنراوێک کە لە نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەرچووە روونیکردۆتەوە کە زێباری لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا چاوی بە بریت ماگریک کەوتووە و بارودۆخی سیاسی و ھەرێمی بەتایبەت قەیرانی سوریا و ئامادەکاریەکانی بەستنی کۆنگرەی دووەمی جنێڤ بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ ئەو قەیرانە تاوتوێ کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، لە دیدارەکەدا باس لە ئەنجامی سەردانەکەی ئەمدواییەی زێباری بۆ ئەنقەرە و ھەندێ بابەتی جێبایەخی ھاوبەش کراوە، ئەمە جگە لە پێداچوونەوە بە کارنامەی سەردانەکەی دووسبەی سێشەممەی نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.
ھێشتا کاتی بەستنی کۆنگرەی جنێڤ ٢ روون نیە، لەکاتێکدا ھەندێ لە بەرپرسانی عەرەب باس لەوە دەکەن کۆنگرەکە لە ٢٣ی مانگی داھاتوو (نۆڤەمبەر) دەبەسترێ، مارتن نیسیرک گوتەبێژی رەسمی بەناوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، ھێشتا کاتی بەستنی کۆنگرەکە دیاری نەکراوە