Hawkar Yaseen
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
هەولێر AA
دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆسەر هەولێر، جارێکی دیکە گەشتەکان دەستیانپێکردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "لە کاتژمێر نۆ و ٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، دەنگی تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بیسترا، دەستبەجێ لەلایەن ئاسایشی فڕۆکەخانە دەستکرا بە پشکنین و بەدواداچوون و لە ئەنجامدا، سێ مووشەک دۆزرانەوە کە لە نزیک دیواری فڕۆکەخانە کەوتبوونە خوارەوە، دوای تەواوبوونی پشکنینەکان بڕیارماندا بۆ سەلامەتی گیانی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان سەرجەم گەشتەکانمان لە کاتژمێر ١٠ی شەو بۆ ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ رابگرین".
ئەحمەد هۆشیار گوتی: "لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە سەرجەم گەشتەکان دەستیان پێکردووەتەوە و هیچ کێشەیەک نەماوە، دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، عێراق و سەرجەم گەشتیاران کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەژێر کۆنترۆڵدایە و هیچ کێشەیەک نەماوە".