Omar Alothmani
25 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2020
بەغدا- AA
وەزیری گواستنەوەی عێراق، ناسڕ شبلی رایگەیاند، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەست پێدەکاتەوە و هەفتانە ٢٠ گەشتی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی ناسڕ شبلی بڵاوکردەوە کە تیایدا رایگەیاند "هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتەکانی بۆ هەریەک لە شارەکانی ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئەنتاڵیا لە تورکیا دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێلی ئاسمانی تورکیا دیاری دەکرێت".
شبلی روونیکردەوە کە ژمارەکانی گەشتەکانی چوون بۆ تورکیا هەفتانە ٢٠ گەشت دەبێت و لە بەرامبەردا شارەکانی عێراق پێشوازیی لە فڕۆکەکانی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەی گەشتەکانی هاتن بۆ وڵاتەکەی دیاری بکات.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رۆژی ٣١ی ئابی رابردوو هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تورکیا راگەیاندبوو، دوای ئەوەی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەگەڵ عێراق هەڵپەسارد.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە هەڵپەسارد.