Fariq Faraj Mahmood
22 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2026
ئیمام و گوتاربێژی مزگەوتی ئیمام موسلیم لە خورماڵ، عەبدولمەلیک سەرگەتی تەمەن ٥٧ ساڵ، هاوشانی بەجێهێنانی ئەرکە ئایینیەکانی وەک پێشنوێژ و گوتاربێژی ڕۆژانی هەیینی، لە هەمانکاتدا خولیایەکی قووڵی بۆ وەرزش هەیە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە نزیکەوە ڕووماڵی گوتاری هەیینی ئەو گوتاربێژەی کرد و پاشان ڕووماڵی یارییەکی دۆستانەی کرد کە مامۆستا عەبدولمەلیک و تیمەکەی بەرامبەر تیمێکی دیکەی تۆپی پێ لە قەزای خوڕماڵ یارییەکیان ئەنجامدا.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئەرکی مامۆستایەتی ئایینی و خولیای وەرزش پێکەوە، مامۆستا عەبدولمەلیک سەرگەتی گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لەو مزگەوتە (مزگەوتی ئیمام موسلیم لە خورماڵ) خزمەت دەکەم. هاوکات لەگەڵ ئەرکی مامۆستایەتییدا هەر لە منداڵییەوە کە لە خوێندنی ئیسلامی بووم لە هەڵەبجە خولیای وەرزشم هەبووە. لە ساڵانی هەشتاکانەوە تا ئێستا لە وەرزشکردن بەردەوامم".
ئەم مامۆستا ئایینە وەرزشوانە ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی خەڵکی لە ڕێگەی گۆڕەپانی یارییەوە ناسیوویانه و، گوتی: "زۆربەی خەڵک منی لە گۆڕەپانەکانی یاری دوو گۆڵیدا ناسیووە، یاری تۆپی پێ جەماوەرێکی زۆری هەیە و ئێستا بەرەو خولی جیهانی دەچین کە ٦٨ وڵات تێیدا بەشدارن. ئێمە لە هەڵەبجە لای مامۆستاکانمانەوە فێر بووین کە لەگەڵ مزگەوت و قورئان خوێندندا، وەرزشیش بکەین. من هەموو قورئانم لەبەرە. لە سەردەمی زانکۆشدا، هەفتانە دووجار دەچووم بۆ وەرزش و وازم نەهێناوە".
سەبارەت بە تێڕوانینی خۆی بۆ گرنگیی وەرزش و پێگەی پەیامی ئاشتی لە نێوان مرۆڤەکاندا، مامۆستا عەبدولمەلیک گوتی: "وەرزش نامەی خۆشەویستی و برایەتییە لە نێوان خەڵکدا. ڕهنگە وەک ئیمامێک ٥٠ کەس لە دوامەوە نوێژ بکەن، یان وەک خەتیبێک هەزار کەس گوێم لێ بگرن، بەڵام بەهۆی وەرزشەوە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس دەناسم".
هەروەها سەبارەت بە بنەما ئایینییەکان لەسەر گرنگیی وەرزش لە ژیانی مرۆڤدا، گوتی: "پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت: (علموا أولادکم السباحە والرمایە والفروسیە) واتا منداڵەکانتان فێری مەلەوانی و تیرهاوێژی و ئەسپسواری بکەن. وەرزش و یاری تۆپی پێ یان شەترەنج، بیر و هۆشی مرۆڤ فراوان دەکەن. مرۆڤ دەبێت ئاگای لە تەندروستی جەستەی هەبێت، چونکە ئەم جەستەیە خوا پێی بەخشیووین و دەبێت بیپارێزین".
ئەم مامۆستا وەرزشوانە تەنیا لە سنووری هەڵەبجەدا یاری ناکات، بەڵکو لەگەڵ تیپەکەیدا سەردانی زۆر ناوچەی جیاواز دەکەن، لەمبارەیەوە گوتی: "بۆ یارییکردن سەردانی زۆر شوێن دەکەم، وەک چەمچەماڵ، قەڵادزێ، ڕانیە و هەڵەبجە. لەوێش خەڵکێکی زۆر کۆدەبنەوە و قسەی خێریان بۆ دەکەین و خەڵکەکەش بە قسەمان دەکەن، ئەمەش فەزڵی خوای گەورەیە".