Rewa Mahmood Hasan
05 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2021
سلێمانی-AA
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهشهی ئهوه دهكات کە لە ماوەکانی پێشوودا زیاتر لە ٧٠ هێرش بۆ سەر بارەگاکانی پارتی لە سنووری ئیدارەی سلێمانی ئهنجامدراون و ئاشكراشیدهكات، تا ئێستا هیچ دۆسیەیەک لەوبارەیەوە یەکلایی نەبووەتەوە.
شاندێکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ئەوەی سەردانی پارێزگار و دەزگای ئاسایش لە سلێمانی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان کرد و لهگهڵیان كۆبوونهوه، لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست.
لەدوای کۆبوونەوەکان، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، پێشەوا هەورامانی بەناوی شاندەکەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانەییدا ئاماژەی بەوەدا ئەوان بەڵگەی تەواویان لەسەر هێرشەکانی سەر بارەگا و دهزگاكانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە وەرگرتووە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە بکەن.
پێشەوا ههورامانی راشیگهیاند: "بەڵگەکانمان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی وەرگرت و تێیدا زانیاری وردی تێدایه لەسەر هێرشبەران بەناو و وێنەوە، جۆری ئەو چەکانەی تەقەیان پێکردووە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکاندا. بەڵام تائێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو هێرشانە دەستگیر نەکراون یان دەستگیرکراون و دواتر ئازاد کراون، هەندێکیشیان دادگاییەکەیان ماوەی دوو ساڵە یەکلایینەکراوەتەوە، لەکاتێکدا لەماوەکانی پێشوودا زیاتر لە ٧٦ هێرش لە سنووری ئیدارەی سلێمانی کراوەتە سەر بارەگاکانی پارتی، لەوانە ٢٦یان لە سلێمانی و هەڵەبجە بوون".
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان پرسەکە دەبەنە لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی پەرلەمانی کوردستان و تاوتوێی دەکەن، هاوکات باسی لەوەشکرد لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی سلێمانی، بەڵێنیان پێدراوە کە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو بەڵگانە بکەن کە رادەستیان کراون.