عێراق

پرۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسنینی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم: "واژوومان لەسەر بانگهێشتی سێ کۆمپانیای جیهانی تایبەت بە بوارەکە کردووە بۆ ئامادەکردنی نەخشە و هەڵسەنگاندنی بەهای ئابووری پرۆژەکە و لەم کابینەیەدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین".

Hawkar Yaseen  | 02.03.2021 - نوێکردنەوە : 03.03.2021
پرۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسنینی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

Arbil

هەولێر AA

پرۆژەی دامەزراندنی هێڵی ئاسنینی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە سێ قۆناغ و شەش ئاست جێبەجێ دەکرێت.

لەمبارەیەوە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمڕۆ وەزارەتمان ئامادەیە بۆ بانگهێشتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە دیاریکراون بۆ قۆناغی سەرەتایی پرۆژەکە کە پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ ئەو بانگهێشتانە واژوودەکەین کە بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە کە لە ئاستی جیهاندا لە سەرەوەی رانکینی بواری دیزاینکردن و هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەن لە بواری پرۆژەکانی هێڵی ئاسنیندا".

دانا عەبدولکەریم گوتی: "ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی گرنگە، چونکە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی دیکەوە لەڕووی گواستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی هاووڵاتییان لەنێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا، هیوادارین سەرەتایەکی دروست بێت کە دەستمان پێکردووە بۆئەوەی ئەم پرۆژەیە بەشێوەیەکی زانستییانە و ئابوورییانە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بێت".

قۆناغی سەرەتای پرۆژەکە بە دوو کۆمپانیای ئیسپانی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دەسپێردرێت کە قۆناغی هەڵسەنگاندنی ئابوورییانەی پرۆژەکەیە، لەو بارەیەوە وەزیری ئاوەدانکردنە و نیشتەجێکردن گوتی: "من ئەمڕۆ واژوو لەسەر بانگهێشتنامەی سێ کۆمپانیای گەورەی جیهان دەکەم کە لەم بوارەدا پێشەنگن، هیوادارین ئەو ماوەیەی بۆمان دیاریکردوون بتوانن لەو کاتەدا ئەو رەوشە ئەندازیارییانەی لێیان داواکراوە تەواوی بکەن و رادەستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی بکەنەوە، هیوادارم لە چەند ساڵی ئایندە بەچاوی خۆمان ئەوە ببینین کە لە هەرێمی کوردستان هێڵێکی ئاسنینی پێشکەوتوومان هەیە کە خزمەت بە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات".

دەربارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکەش دانا عەبدولکەریم رایگەیاند "ئەم پرۆژەیە بۆ سێ قۆناغی سەرەکی دابەشدەبێت و ئەگەر وردیشی بکەینەوە دەبێتە شەش ئاست واتە لە شەش قۆناغی جیاجیادا پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەکەوێتە کارکردن، ئەمەی ئێستا دەستی پێدەکەین قۆناغی سەرەتایە لەدوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە کە ووردبینی و هەڵسەنگاندنە بۆ بەهای ئابووری پرۆژەکە هەموو قۆناغەکانی دیکە روون دەبێتەوە کە چەندی پێ دەچێت و لە چ کاتێکدا دەبێت و چۆن جێبەجێ دەبێت".

دانا عەبدولکەریم گوتیشی: "هێڵە ئاسنینەکە کە وادانرا بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت درێژییەکەی ٩١٥ کیلۆمەترە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا، قۆناغی یەکەمیان ٦٢٠ کیلۆمەترە قۆناغی دووەمیان ١٣٥ کیلۆمەترە و قۆناغی سێیەم ١٦٠ کیلۆمەترە، بۆ بڕی تێچوونەکەشی هێشتا دیار نییە کە چەندی تێدەچێت تاوەکو ئەم قۆناغەی دەستمان پێکردووە تەواو نەبێت، بەڵام بەدڵنیایییەوە لەسەروو ملیارێک دۆلارەوە دەبێت".

دەربارەی وادەی تەواوبوونیشی وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند "لەم کابینەیەدا دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، بەڵام دڵنیانیم لەم کابینەیەدا پرۆژەکە تەواو دەبێت یان، بەڵام دەستی پێدەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın