Azad Mohammed Abdullah
30 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2019
مووسڵ - AA
جێگرى پارێزگارى نەینەوا، سیروان رۆژبەیانى رایگەیاند "گواستنەوەى ئەو ٣٢ هەزار کەسوکارەى داعش لە سووریاوە بۆ پارێزگاى نەینەوا جێگەى قبووڵکردن نییە، چونکە زۆرینەى ئافرەت و پیاوەکانیان بەتۆمەتى داعشبوون لە کەمپەکەدا کۆکراونەتەوە، نیشتەجێکردنیان مەترسى ئەمنى لەسەر رەوشى مووسڵ دروست دەکات".
جێگرى پارێزگاى نەینەوا، سیروان رۆژبەیانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ماوەى دوو مانگە حکوومەتى عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێى گەڕانەوەى ٣٢ کەسوکارى داعش دەکەن لە سووریاوە بۆ عێراق، بەبێ ئەوەى پرس بە ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا بکرێت، لەئێستاشدا حکوومەتى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنى ئەم پرسە، ئێمەش وەکو ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگى هاووڵاتییان و گواستنەوەى کەسوکارانى داعش لە سووریاوە بۆ پارێزگاى نەینەوا رەتدەکەینەوە، چونکە گەڕانەوەى ئەو ٣٢ هەزار کەسوکارى داعش کە پشتڕاستین داعشى توندڕەویان لەگەڵدایە مەترسییەکى گەورە لەسەر ئاسایشى مووسڵ بە گشتى دروست دەکات".
جێگرى پارێزگاى نەینەوا گوتى: "بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى لە نێوان حکوومەتى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە زیاتر لە ٥٠٠ خێزانى داعش لە کەمپى حەمام عەلیل و ٣٠٠ خێزان لە کەمپى حاج عەلى و ٣٠٠ خێزان لە کەمپى نەمرود و ٢٠٠ خێزان لە کەمپى جەدعە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا نیشتەجێ دەکرێن، جێگیرکردنى ئەو ژمارە زۆرەى کەسوکارى داعش لەم کەمپانە جێگەى قبووڵکردن نییە، چونکە ئەم کەمپانە لەنێو شارن و مەترسى تێکەڵبوونیان لەگەڵ هاووڵاتییان و بڵاوبوونەوەى بیرى توندڕەوى هەیە لەنێو مووسڵ لە داهاتوودا و مەترسى ئەمنى لێدەکەوێتەوە".
سیروان رۆژبەیانى گوتىشی: "ئەو کەسوکارانەى داعش کە بڕیارە بگوازرێنەوە بۆ پارێزگاى مووسڵ، زۆرینەیان منداڵى تەمەن یەک ساڵ بۆ ١٢ ساڵێن و بەشەکەى دیکەشیان ئافرەت و پیاون کە پێشتر لە ریزەکانى داعش چالاکییان هەبووە، بەپێى ئەو زانیارییە سەرەتاییانەى بەدەست ئێمە گەیشتووە سەرجەمیان دانیشتووى مووسڵن، هەر لەگەڵ داگیرکردنى مووسڵ لە لایەن داعشەوە پەیوەندییان بە رێکخراوەکەوە کردووە، دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و لەناوچوونى سەربازى داعش ئەو ئەندام و کەسوکارانەى داعش لە کەمپى هۆل لە سووریا جێگیر کران".
گوتیشى: "ئەو ٣٢ هەزار کەسوکارەى داعش کە رێککەوتنى لەسەر کراوە لە کەمپەکانى پارێزگاى نەینەوا جێگیر بکرێن، ئافرەت و پیاوى داعشن، راهێنەرن و منداڵەکانیشیان راهێندراون لەسەر مەنهەج و ئایدۆلۆجیاى توندڕەوى داعش".
- "شاندێکى ئێدارەى پارێزگاى نەینەوا سەردانى بەغدا دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەم رێککەوتنە".
جێگرى پارێزگاى نەینەوا، سیروان رۆژبەیانى لەبارەى هەوڵەکانى ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت "شاندێکى ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا بە مەبەستى پاشگەزکردنەوەى حکوومەتى عێراق لە گواستنەوەى ئەو ٣٢ هەزار کەسوکارەى داعش لە سووریاوە بۆ عێراق و جێگیرکردنیان لە پارێزگاى نەینەوا، سەردانى بەغدا دەکەن و سبەی لەگەڵ سەرکۆمارى عێراق، ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى ناوخۆ کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و لێکەوتە مەترسیدارە پێشبینى کراوەکانى ئەم رێککەوتنە بۆ حکوومەت دەخەینەڕوو".
سیروان رۆژبەیانى دەشڵێت "جێگیرکردنى ئەو هەموو کەسوکارەى داعش لە کەمپەکانى شارى مووسڵ جێگەى قبووڵکردن نییە، یان دەبێت لە کەمپێکى تایبەت و دوور لە ئاوەدانى بە پاسەوانێکى زۆرەوە جێگیر بکرێن، یانیش دەبێت نەگەڕێندرێنەوە بۆ پارێزگاى نەینەوا و هەر لە سووریاوە بمێننەوە".