Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەم لە كۆبوونەوەدان.
کۆبوونەوەکە لە پیرمام بەڕێوەدەچێت و پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕێی داواکارییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆکان بکرێت و بڕیارە ئەمڕۆ شاندی یەکێتی داواکارییەکانییان بخەنەڕوو.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتوون لە ھۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دلشاد شەھاب و ئومێد سەباح، ھەروەھا شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکھاتوون لە قوباد تاڵەبانی، ڕێواز فایەق، دەرباز کۆسرەت و ئامانج ڕەحیم.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە داواکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلای پارتی بێت و دوو ساڵیش لەلای یەکێتی بێت، ئەگەریش پارتی ئەو داواکارییەی ڕەتکردەوە ئەوا یەکێتیی داوای پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کورستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، کۆبوونەوەی یەکەم لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو تیاییدا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی بەدەستھێنا.
لە ھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٢١ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١٢ کورسی و بەرەی تورکمانیی یەک بەدەستھێنا و بەھاوبەشی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمیان پێکھینا.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، لە ١٨ وەزارەت و سێ وەزیری ھەرێم پێکھات، ھەریەک لە پۆستی سەرۆکوەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران لەلای یەکێتیی بوو، ھەروەھا ٩ وەزارەت لەلای پارتی، پێنج وەزارەت لەلای یەکێتی و چوار وەزارەتیش لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
ھەر لە کابینەی نۆیەمدا سێ پۆستی وەزیر ھەرێم ھەبوون، کە بریتیی بوون لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانووسان لەگەڵ حکوومەتی فێدڕاڵ (یەکێتی)، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان (پارتی)، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان (بەرەی تورکمانی).
بڕیاریشە لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم، ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پێکھاتەکان بەشداربن.