Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیاییدا ئاماژەیان بەوەکردووە جگە لە گفتوگۆ دەربارەی پێکھێنانی کابینەی نوێ، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێکردووە.
لە ڕاگەیاندراوە ھاوبەشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دا ھاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییانەی ھاتوونەتە ئاراوە و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق و ھەرێم باسیان لێکراوە و ھەردوولا کۆک بوون لەسەر تەبایی و ھاوھەڵوێستی لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان لەم قۆناخە ھەستیارەدا".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکە ئەوەخراوەتەڕوو کە: "ھەردوولا ھاوڕابوون بە زووترین کات لەسەر ئامادەکارییکردنی بەرنامەیەکی ھاوبەش بۆ دروستکردنی بنەمایەک بۆ حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبێت بۆ ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی داھاتوو".
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتوون لە ھۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دلشاد شەھاب و ئومێد سەباح، ھەروەھا شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکھاتوون لە قوباد تاڵەبانی، ڕێواز فایەق، دەرباز کۆسرەت و ئامانج ڕەحیم.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بەڕێوەدەچێت و کۆبوونەوەی یەکەم لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە سلێمانی بەڕێوەچوو.