لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف ڕۆژی جیھانی کولتووریی کرایەوە
لە چالاکییەکەدا، نوێنەرانی کولتووری هەر وڵاتێک، جگە لە نمایشکردنی خواردن و پۆشینی جلوبەرگی ئەو وڵاتە، هاوکات چەند خوولەکێک گوێیان لە میوزیکی نیشتمانی ئەو وڵاتە گرت و لە بڕگەیەکی دیکەشدا چەند خوولەکێک هەڵپەڕکێی تایبەت بەم وڵاتانەیان ئەنجامدا.

Arbil
هەولێر - AA
لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف، ڕۆژی جیهانی کولتووریی کرایەوە و تیاییدا نمایشی خواردن و جلوبەرگ و کولتووری چەندین وڵات کرا و قوتابییان و ئامادەبووان بە کولتووری وڵاتانی دیکە ئاشنا بوون.
لە چالاکییەکەدا، قوتابییان بەسەر پۆلەکانی قوتابخانە دابەش ببوون و هەر پۆلێکیان تایبەت کردبوو بە نوێنەرایەتی وڵاتێک بۆ نمایشکردنی کولتووری ئەو وڵاتە، وەک دەزانین کولتوور بریتییە لە کۆمەڵێک داب و نەریت و بەھاکانی ھەر کۆمەڵگایەک و ئەم ئاشنابوونە بە کولتووری وڵاتانی دیکە دەبێتە ھۆی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ھەر بۆیەش قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف، ساڵانە ئەم چالاکییە ڕێکدەخات و نمایشی کولتووری وڵاتان دەکات.
هەریەک لە کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر، ئەرمان تۆپچو، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، مونا قاوەچی و چەندین کەسایەتی دیکە بەشداری چالاکییەکە بوون و لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەسەر کولتووری وڵاتان کرد.
لە چالاکییەکەدا، نوێنەرانی کولتووری هەر وڵاتێک، جگە لە نمایشکردنی خواردن و پۆشینی جلوبەرگی ئەو وڵاتە، هاوکات چەند خوولەکێک گوێیان لە میوزیکی نیشتمانی ئەو وڵاتە گرت و لە بڕگەیەکی دیکەشدا چەند خوولەکێک هەڵپەڕکێی تایبەت بەم وڵاتانەیان ئەنجامدا.
نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق فەخرەددین کەسکین لەبارەی چالاکییەکەوە گوتی: "بەهۆی قوتابخانەکەمان قوتابییانی فرە کولتووری تێدایە، بۆیەش ساڵانە ئەم ڕێوڕەسمە ئەنجام دەدەین کە ئامانجمان ئەوەیە قوتابییانی بیانی کولتووری خۆیان نمایش بکەن و بەهەمانشێوە ئاشنایەتی لە نێوان کولتوورەکان دروست بێت".
هاوکات ڕێکخەری کاروباری قوتابیان لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف، ئیدریس موحسین لەبارەی چالاکییەکەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە مەبەستی ئاشنابوون بە کولتووری وڵاتان، ئەمڕۆ هەڵساوین بە سازکردنی ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی کولتووریی بۆ ناساندنی کولتووری چەند وڵاتێک کە بریتیی بوو لە ٢٣ وڵات کە پێکهاتبوو لە نمایشکردنی جلوبەرگ و خواردن، لە ناساندنی ئەو شوێنانەی کە زۆر بەناوبانگن و کەسایەتییەکانی ناو ئەو وڵاتانە".
ئیدریس موحسین گوتیشی: "ئامانجەکە ئەوە بوو کە هەم دایک و باوکان، هەم قوتابییەکان زانیاری پەیدا بکەن لەسەر ئەو وڵاتانەی کە ئێمە کەمتر زانیاریمان لەسەری هەیە، بەهۆی ئەوەی قوتابخانەکەمان قوتابییانی فرە نەتەوەی لێیە، ئەمە وامان لێ دەکات کە کەس نەتەوەی خۆی بە باشترین نەتەوە نەزانێت و هەموومان یەکسانین و بەمجۆرە یەکتر قبوڵ دەکەین".
هاوکات مامۆستا سازگار عەبدولعەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە لەم چالاکییەدا قوتابییان ئاشنای کولتووری وڵاتانی دیکە دەبن و لەسەر ئەم بنەمایەش فێری یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەبن.
مامۆستا لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف، سازگار عەبدولعەزیز ئیسماعیل لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژی کولتوورییە، ساڵانە ئێمە ئەم چالاکییەکەمان هەیە، ئەمساڵ چالاکییەکەمان فراوانتر کردووە، تێیدا کولتووری ٢٣ دەوڵەت نمایشکراوە، هەر پۆلێک نوێنەرایەتی دەوڵەتێک دەکات و پۆلەکەمان ڕازاندووەتەوە بە کولتووری ئەو وڵاتە لە ڕووی خواردن، جلوبەرگ، نەریتی ئاهەنگگێڕانییان، ئەمە زۆر یارمەتی قوتابی دەدات بۆ ئەوەی بیری فراوان بێت، لەلایەن ئەکادیمیشەوە لەسەر ٢٣ دەوڵەت فێر دەبێت کە کولتووریان چۆنە تەنانەت شێوازی بەخێرهاتن و ئایین و مەزهەبەکانییان چین".
سازگار عەبدولعەزیز ئیسماعیل گوتیشی: "یەکێک لە کارەکانمان ئەوەیە کە منداڵەکان وا پەروەردە بکەین کە بیرفراوان بن وئەم چالاکییە وادەکات کە یەکترقوبوڵکردن هەبێت وەکو مرۆڤ، سەیر دەکەین لەو ٢٣ وڵاتە، خواردن، ئایین، مەزهەب و تەنانەت زمانی قسەکردنیش جیاوازە بەڵام لە کۆتاییدا هەمووی مرۆڤە و دەتوانین بەیەکەوە و بە ئاشتیانە بژین".
ئەو وڵاتانەی کە کولتووریان تێدا نمایشکرابوون بریتیی بوون لە، تورکیا، مەغریب، کینیا، سعوودیە، هیندستان، ئیتاڵیا، چین، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، میسڕ، ئەمریکا، پاکستان، ماداگاسکار، مەکسیک، تانزانیا، کوێت، ئوردن، سووریا، یۆنان، لوبنان، فەڵەستین، یابان و ئەفەریقای باشوور.