Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، لە یەک دڵۆپ خوێنی ئەو پێشمەرگانەی لە پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش لە کوڵەجۆ شەهید بوون و شەهیدانی دیکەی هێزی پێشمەرگە خۆش نابن و بە توندی وەڵامی تیرۆریستان دەدەنەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانهوه بڵاو کراوەتەوە، شۆڕش ئیسماعیل، بە یاوەری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین و سەرۆکی ئەرکان، فەریق جەمال محەمەد و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە، بەشداریی کرد لە پرسەی ئەو پێشمەرگانەی کە بە هۆی پەلامارە تیرۆریستیەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ شەهیدبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەمیانی ئەو بەشدارییەیانەدا، وەزیری پێشمەرگە، لەنزیکەوە پرسە و سەرەخۆشی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی بە خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدە نەبەردانە گەیاند، هاوکات خەمباری و نیگەرانیی قوڵی وەزارەتی پێشمەرگەی بە خانەوادە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی ئەو پۆلە ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانانە راگەیاند کە لەو پەلامارەدا شەهیدبوون و هیوای شیفای خێراشی بۆ بریندارانی ئەو رووداوە خواست".
لەمیانی لێدوانێکیشیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتی دەکاتەوە، کە رێگە نادەین یەک دڵۆپی خوێنی ئەو شەهیدانە و تەواوی شەهیدانی رێی خەباتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی کوردستان و ناوچەکە بەفیڕۆ بڕوات و بە توندترین شێوە وەڵامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانی داعش دەدەینەوە و، لەتێکشکاندن و هەڵتەکاندنیان لەرەگ و ریشەوە بەردەوام دەبین".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کردووه، لەماوەی رابردوودا چەندین جار هۆشدارییمان لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و فەراغی ئەمنی لەوناوچانە دابوو، و گوتی: "پێشتریش داوامان لە سوپای عیراق کردبوو هەنگاوەکان خێراتربکرێنەوە بۆ هەماهەنگی و ئەرک بینینی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ئەو ناوچانە".
شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی هێزەکانی پێشمەرگەی لە تەپکی کەڵان لەسنووری کوڵەجۆ دا و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.