Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ماوەی پێنج رۆژە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای ھەولێر و ھێزی زیڕەڤانی دەستیان بە ھەڵمەتێکی چڕ کردووە بۆ دۆزینەوەی دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگ و ئومێد سامری تەمەن ٢٠ ساڵ کە لە دوو شوێنی جیاوازدا لە ئەنجامی لافاوەکەی ھەولێر بێسەروشوێن بوون.
ئەمڕۆ پێنجەم رۆژی گەڕانی ھێزە ھاوبەشەکانی تیمی بەرگریی شارستانیی پارێزگای ھەولێر و ھێزی زیڕەڤانی کە ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ کەس دەبێت بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگ لە دارەتوو و ئومێد سامری تەمەن ٢٠ ساڵ لە قوشتەپە کە رۆژی ھەینی رابردوو، دوای بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە چەند شوێنێکی رۆژئاوای شاری ھەولێر، بێسەروشوێن بوون.
تیمەکان لە میانی گەڕان و پشکنیندا، سەگی راھێندراو بەکاردەھێنن و بەشوێنی رێڕەوی ئاوەکەدا دەگەڕێن و تا ئێستاش تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە.
بەرەبەیانی ھەینی رابردوو، بەھۆی بارانبارینەوە لافاو لە چەند شوێنێکی رۆژئاوای شاری ھەولێر دروست بوو و لە ئەنجامدا، ١٢ کەس گیانیان لەدەست دا کە تا ئێستاش تەرمی دوو کەس نەدۆزراوەتەوە، ھاوکات تەنها لە شارەدێی قوشتەپە زیاتر لە ٥٠ سەرئاژەڵ مرداربوون و نزیکەی ٢٠٠ ماڵ و ٥٠ دووکان ژێرئاوکەوتوون، سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیانەکانی ئەم لافاوەی بە ٢١ ملیار دینار خەمڵاندووە.
ئەو بەرەبەیانەی کە لافاوەکە دروست بووە، ئومێد سامر لەگەڵ ٥٠ سەرمەڕ لە دەرەوەی شارەدێی دارەتوو دەبێت و دوای لافاوەکەش پەیوەندی پێوەدەکەن، بەڵام ھەوڵەکان بێسوود دەبێت، پاشان دەچنە شوێنەکەی دەبینین تەنها چاکێت و ناسنامەکەی لەو شوێنە بەجێماوە و تا ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە و نەدۆزراوەتەوە.
ھاوکات دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگ کە لە شارەدێی قوشتەپە ھەمان رۆژ بەر لافاوەکە کەوت، تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
چیرۆکی دانەر نەبەز بەم شێوەیەیە؛ کاتێک دایکی دانەر، باوکی دانەر لە بوونی لافاو ئاگادار دەکاتەوە، باوکەکەش کە سێ منداڵی ھەیە، دوو دانە منداڵی دەباتە دەرەوەی ماڵەکە و لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دایاندەنێت، دەگەڕێتەوە ژوورەوە بۆ ئەوەی دانەر نەبەزی تەمەن ١٠ مانگ بھێنێتە دەرەوە، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلێک کە ئاو ھێناویەتی، خۆی لە ئۆتۆمبێلەکەی باوکی دانەر نەبەز دەدات کە دوو منداڵەکەیشی لەسەر ئۆتۆمبێل داناوە، باوکەکە بە ھەردوو دەست دەیەوێت دوو منداڵەکەی دیکەی بگرێتەوە، لەو کاتەدا کە دانەر لە باوەشیەتی لەدەستی دەکەوێتە خوارەوە و ون دەبێت.
دوای پێنج رۆژ تاوەکو ئێستاش تیمەکان بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، تا ئێستاش نەدۆزراونەتەوە و ھەوڵەکانیش بۆ دۆزینەوەی ھەردوو تەرم بەردەوامە.
ھاوکات دوای رووداوەکەش، پارێزگای ھەولێر، قەبارەی زەرەر و زیانەکانی لافاوەکەی راگەیاند کە بریتیی بوو لەوەی، ١٢ ھاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە، ئاو چووەتە ناو دوو ھەزار و ٥٠٩ ماڵ و زیانی بە کەلوپەلەکانیان گەیاندووە، ٤٠٢ خانوو زیانمەندبوون و ٨٦٧ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە کە بەشێکیان حکومین، هەروەها ١٥٣ دووکان و مارکێت و کارگە زەرەرمەند بوون.