Heman Hussein Yaseen
19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمرۆ دووشەممە لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی دادەنرێت.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیەنراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاماژەی بەوە داوە کە لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بەئامادەبوونی وەزیری کارەبا، کەمال محەمەد ساڵح و پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە لە رێورەسمێکدا، بەردی بناغەی پرۆژەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی دادەنرێت.
وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە پرۆژەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی کارەبا و لەلایەن کۆمپانیای دڵسۆز لە میانی ٦٠ رۆژدا ئەنجام دەدرێت و رۆڵی دەبێت لە کارپێکردنی وێستگەی ١٣٢ کەی ڤی و کەمکردنەوەی لۆد و رێکخستنی کارەبا لە تەواوی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەولێر.