Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند كە بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی نەوت، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان زیاد دەكەن و ئاماژەی بەوەیش دەكات كە پێشڤەچوونی باش لە هەڵسەنگاندنەكانی هونەری و بازرگانیی بە ئامانجی گواستنەوەی وزە لە توركیا بەدی هاتووە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەحمەد عەبادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كردووە كە سەرۆكوەزیران وەزارەتی نەوتی راسپاردووە بۆ ئەوەی پێدوایستییەكانی وەزارەتی كارەبا بە تایبەتیش سووتەمەنی بە ئامانجی وەگەرخستنی وێستگەكانی كارەبا دابین بكات.
گوتیشی: "ئەم هاوكارییەی نێوان وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا، دەبێتە مایەی وەگەرخستنی ژمارەیەك وێستگەی كارەبا كە رەنگدانەوەی باشی لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت تا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتییان زیاد بكرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەحمەد عەبادی باسی لەوەیش كرد كە پێشڤەچوونی باش لە هەڵسەنگاندنەكانی هونەری و بازرگانیی بە ئامانجی گواستنەوەی وزە لە توركیا بەدی هاتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ گرێبەستێك لەوبارەوە واژوو نەكراوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی كارەبای عێراق راگەیاندبوو كە بەڕێژەی لەسەدا 80ی كارەكانی پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە كەنداو بۆ عێراق تەواوبووە.