Heman Hussein Yaseen
06 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2021
ههولێر - AA
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھۆشداریداوە و ئاگادارییەکی بۆ ئەو شوێنانە بڵاو کردەوە، کە بە سەرپێچی کارەبایان راکێشاوە.
ئەمڕۆ ھەینی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و، تیاییدا ھاتووە: "ئاگاداری ئەو شوێنانە دەکەینەوە کە بە سەرپێچی کارەبایان راکێشاوە و بە فەرمی نەبوونەتە ھاوبەشی کارەبا، بەڵام پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، تا رۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٢١ دەرفەتییان ھەیە سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن، بە پێچەوانەوە لە رێگەی سیستەمی پێوەری زیرەکەوە بە کلیکێک کارەباکەی دەبڕدرێت".
لە راگەیاندراوەکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو کە،ئەو بڕیارە تەنیا ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە و پێوەری پێشووی کازەبایان نییە، بەڵام پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە کە، ئێستا سیستەمی پێوەری زیرەکی کارەبا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوبەشانی کارەبا دانراوە، ئەو سیستەمە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ بنبڕکردنی زیادەڕۆیی سەر کارەبای نیشتمانی و زیادکردنی کاتی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان.