Heman Hussein Yaseen Yaseen
31 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2019
هەولێر - AA
بە بەشداری نوێنەرانی حکوومەت، پەرلەمان، داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی، کۆنفڕانسێک دەربارەی نەخشەڕێگەی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە هۆتێل دیدەمان بەڕێوەچوو کە تیایدا رێکخراوی ستۆپ بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانیی ئەمریکی راپۆرتێکی تایبەتی بڵاوکردەوە.
ناوەڕۆکی راپۆڕتەکە چەند بوارێکی جیاوازی لەخۆگرتبوو، وەک بابەتەکانی پێدانی زانیاری، شەفافیەت، خستنەڕووی داتاکانی نەوت و ئەنجوومەنی نەوت و غاز و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی چاکسازی.
بەرپرسی رێکخراوی ستۆپ، فەرمان رەشاد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەک یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی داناوە بۆیە لەم چوارچێوەیە بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانیی ئەمریکی، راپۆرتێکمان بڵاوکردەوە کە نەخشەڕێگەیەکە بۆ چاکسازی کە کۆمەڵێک هەنگاو و چاکسازی تێدایە لە بواری کاراکردنەوەی دامەزراوەکانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا تایبەت بەم بوارە، شەفایەت لە بواری نەوت، مانگانە نیوەی داهاتی هەرێم بۆ قەرز دەڕوات و ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئەو قەرزانە، بابەتی مووچەخۆران و ئەوەی پێی دەڵێن بندیوار، بابەتی وەبەرهێنان چونکە لەماوەی رابردوودا زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی بە فیڕۆدراون بە کۆمپانیاکان، بۆیە هەموو ئەوانە لە راپۆڕتەکەدا روونکراوەتەوە و دواتریش راپۆڕتی شەش مانگی رابردوو بڵاودەکەینەوە".
لەبارەی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە و هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە، فەرمان رەشاد گوتی: "لەگەڵ داوکاری گشتی، دەستەی دەستپاکی و پەرلەمان هەماهەنگیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوودا بە هۆی پەکخستنی پەرلەمان و بەجێهێشتنی کاریگەری نەرێنی، ئەوانە هەموو بوونە دەرفەتێک کە گەندەڵی زیاتر تەشەنە بکات، ئەمجارە ئێمە ئەم دۆخەمان سەیرکردووە و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران قسەمان کردووە و داوایانکردووە کە راسپاردە و راپۆڕتەکە ببینن و هەماهەنگمان دەبن، ئێمەش هەست دەکەین کە ئیرادەیەک هەیە بۆ چاکسازی".
لە راپۆرتەکەدا چەند خاڵێک ئاماژەی پێکراوە وەکو، بەھێزکردنی دەستەی پێوان سازی و کۆنترۆڵی جۆری، کارکردن بۆ حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی، ساڵانە پەرلەمانی کوردستان بوودجەی پێویست بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان پەسەند بکات و جیاوازی لە نێوان شارەکان نەکرێت، پێدانەوەی قەرزەکان بە شێوەیەکی شەفاف و ئاشكرا، پرسی چاکسازی لە دۆسیەی نەوت، کارکردن بۆ ئەنجوومەنی راژە و دەرفەتی یەکسان بۆ دامەزراندن بکرێت، هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
وەک ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە ئاماژەی پێکرد، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا، بە مەبەستی کارکردن لەسەر خاڵەکانی ناو راپۆرتەکە، تەواوی راپۆرتەکە بدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.