Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە شارەدێی کوڵەجۆ کە لە ئاکامدا پێنج شەھید و چوار برینداری لێکەوتەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەھیدەکان دەکات و ھیوای زوو چاکبوونەوەیش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دا ھاتووە: "سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵم پێشکەش بە خانەوادەی ئەو شەھیدە قارەمانانەی شەوی رابردوو دەکەم کە لە کاتی بەھانەوەچوونی ھاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری کوڵەجۆ، شەھید بوون و گیانیان بەخشی".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: "لە خوای مەزن داواکارم گیانیان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان ببەخشێت. ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھێرش و پەلامارانە بە ھەڕەشەیەکی جددیی دەزانێت بۆسەر ناوچەیە و داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی زێتری نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و، وەک لە پەیامەکەیدا ھاتووە: "فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و ھێرەشەکانی داعش، پەیامی جددیی ترسناکن و ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکە دەھێنێتەوە ئاراوە. بۆیە ھاریکاری و ھەماھەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەکی بەپەلەی ھەنووکەیی و لەپێشینەیە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی داوایشی کردووە کە، میکانیزمی ئەو ھەماھەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا بە ھاوبەشی و پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاراتر و فراونتر بکرێت و پێکەوە بە ھەموو ھێز و توانایەکەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و ھەڕەشە و مەترسییەکانی ببینەوە.