Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2026•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2026
هەولێر - AA
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی پرسەی "وڵات تاهیر" ئەو کارمەندەی ئاسایشی کرد کە شەوی ڕابردوو بەھۆی ھێرشە دڕۆنییەکان بۆسەر ھەولێر گیانی لەدەستدا.
شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک ھێرشی دڕۆنی بۆسەر ھەولێر ئەنجامدرا کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی کارمەندێکی ئاسایش لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و برینداربوونی کارمەندێکی دیکە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی یاوەری مەسعود بارزانی کرد لە پرسەکەدا و گفتوگۆشی لەگەڵ باوکی وڵات تاهیر کرد.
دوای دەرچوونی لە پرسەکە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان مەسعود بارزانی وێڕای دەربڕینی پەژارە بۆ گیانلەدەستدانی ئەو کارمەندەی ئاسایش گوتی: "وەک دەبینین ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و لە سەرەتاوە هەوڵماندا ناوچەکەمان دووربێت لە شەڕ و ناخۆشی بەڵام بەداخەوە هەندێک گرووپی لە یاسا دەچوو شەڕمان پێ دەفرۆشن و داوا لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنەکان دەکەین کە سنوورێک بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن و هاووڵاتییان دڵنیا دەکەمەوە کە خوێنی شەهید وڵات بە فیڕۆ ناچێت".
پێشتر لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان. سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا داوای لە حکوومەتی عێڕاق و، ئەنجوومەنی نوێنەران و چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد کە بە جددی بێنە سەر ھێڵ و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی دۆخەکە دەرئەنجامی خراپی دەبێت.