Heman Hussein Yaseen
08 ئادار 2026•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2026
ھەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هەندێ گرووپ لەژێر ناوی موقاوەمە پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییە".
مەسعود بارزانی لەبارەی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، دەبێت ھەموو لایەک باش بزانن کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری ھەیە. پێشمەرگە ھەرگیز زوڵم و زۆریی لە ھیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە، ناکرێت و نابێت ئەو شەڕفرۆشتنە و تێکدانی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی ھاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەردەوام بێت و داواشی لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی کردووە کە بۆ ئەم مەبەستە بە جددی بێنە سەر ھێڵ.
لە پەیامەکەیدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ڕاگەیاندووە: "بە درێژاییی مێژوو، گەلی کوردستان ھیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و ھەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوا بەرگریی لە خۆی و مافەکانی کردووە. ئەوە بنەمایەکی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرھەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازیی و پێکەوەژیانیی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت".
لە بەشێکی پەیامەکەی بازرانی دا ھاتووە: "جێگای داخێکی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا ھەیە، ئێستا و پێشتریش ھەردەم ھیوامان ئەوە بووە کە ھەرچی گرفت و کێشە ھەیە لە ڕێگای ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێت، چونکە ھەمیشە شەڕ مایەی کاولکاری و ماڵوێرانییە. لەو میانەدا جێگای سەرسوڕمانێکی زۆرە ھەندێک گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگا بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە بدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر مافی ھاووڵاتیان و سەقامگیریی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان".
بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە، "دەبێت ھەموو لایەک باش بزانن کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری ھەیە. پێشمەرگە ھەرگیز زوڵم و زۆریی لە ھیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە، ناکرێت و نابێت ئەو شەڕفرۆشتنە و تێکدانی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی ھاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی ھەماھەنگی دەکەین کە بە جددی بێنە سەر ھێڵ و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونکە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە".
لە کۆتاییدا، مەسعود بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کارمەندەی ئاسایش کرد کە لە ئەنجامی ھێرشەکانی شەوی ڕابردوو بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گیانی لەدەستدا.