Zana Natık Kerem
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە عێراق رایگەیاند كە عیزەت دووری، جێگری سەرۆكی رژێمی پێشوو عێراق، سەدام حوسێن لە تەمەنی 78 ساڵیدا، كۆچی دوایی كردووە.
لە تۆمارێكی دەنگیدا كە لە هەژماری تایبەتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە كە ئەمڕۆ دووشەممە عیزەت دووری لە عێراق كۆچی دوایی كردووە.
لەو تۆمارە دەنگییەدا ئەوەیش هاتووە "بەرامبەر بەو رووداوە دڵتەزێنە، متمانەمان بە هاورێیانی شۆڕشگێرانمان هەیە لەوەی لەسەر راسپاردە و ئامۆژگارییەكانی هاوڕێی كۆچكردوومان كار دەكەن كە بەردەوام لەسەر خۆراگڕیی و پابەندبوون بە بنەماكانی حزب، پاڵپشتیی كردووین".
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی كۆچی دوایی عیزەت دووری بڵاونەكردووەتەوە.
عیزەت دووری لە 1979وە تا رووخاندنی رژێمی پێشوو لە عێراق لە 2003دا، جێگر و دەستە راستی سەدام حوسێن بوو.
عیزەت دووری لە نێو كەسایەتییەكانی رژێمی پێشووی عێراق، یەكێك لە داواكراوانی ئەمریكا بوو، بە درێژایی ساڵانی رابردوو نەتوانرا دەستگیر بکرێت.
عیزەت دووری دوایین جار لە نیسانی 2019دا دەركەوت كاتێك لە تۆمارێكی دەنگیدا لە بەرامبەر داگیركردنی كوێت لە 1990دا، داوای لێبوردن لە كوێت كرد و جەختیكردبوویەوە لەسەر ئەوەی كە هیچ كات كوێت بەشێك نەبووە لە عێراق.