Sarmand Hameed
11 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2021
بەغدا - AA
لە عێراق پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە کەشێکی ئەمنیی نیمچە تەواودا و لەگەڵ تۆمارکردنی چەند پێشێلکارییەک کۆتایی ھات.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی ٤٠ ملیۆن ھاووڵاتیی عێراقی، رێگەی بە ٢٤ ملیۆن و ٩٠٠ کەس داوە دەنگبدەن کە تەنھا ١٤ ملیۆن و ٣٠٠ دەنگدەریان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتە.
دەنگدەران، لە ھەشت ھەزار و ٢٧٣ ناوەند، ٥٥ ھەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدان لە ٨٣ بازنەدا دەنگەکانیان خستە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە.
لەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەدا، سێ ھەزار و ٢٤٩ بەربژێر کە نوێنەرایەتی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ پارت و سەربەخۆکان، کێبرکێی بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی دەکەن.
- بەشداری و ئەنجامەکان
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جەلیل عەدنان، لە میانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی کە لە بەغدای پایتەخت ئەنجامیدا، گوتی: "رێژەی بەشداربوون بە شێوەیەکی کۆتایی رادەگەیندرێت و ئەنجامەکان لە ماوەی چەند کاتژمێری داھاتوودا واتا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داھاتوودا رادەگەیندرێت".
جەلیل عەدنان، ئاماژەی بەوە کرد کە رێژەی بەشداربوون تاکو کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ یەک لەسەر سێ بووە و گوتی: "چاو بە سەرجەم تانە و سکاڵاکان دەخشێنینەوە و لە ماوەی رۆژێک بۆ دوو رۆژ یەکلایی دەکەینەوە. نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی ٣٠ رۆژدا راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە پرۆسەکە پێشکەش دەکات".