Zana Natık Kerem
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ یەكشەممە لە بەغدای پایتەخت، ٤٣ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەعد مەعن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ یەكشەممە لە ناوچەی عەللاوی ناوەڕاستی بەغدا، ژمارەیەك خۆپیشاندەر بە مۆڵۆتۆف و نارنجۆك هێرشیانكردووەتەوە سەر هێزە ئەمنییەكان.
راشیگەیاند كە لە ئاكامی ئەو هێرشانەدا، ٤٣ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.
لیوا سەعد مەعن ئاماژەی بە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانە نەدا كە لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ یەكشەممە لە بەغدا بریندرابوون، بەڵام پێشتر سەرچاوەیەكی پزیشكی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا لە بەغدا، ٣٣ خۆپیشاندەر و ١١ كارمەندی ئەمنی بریندرابوون.
لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، بە توندی وەڵامی هەر كەسێك دەدرێتەوە ئەگەر هەوڵ بدات هێرش بكاتە سەر خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان یان ئەگەر هەوڵ بدات دامەزراوەكانی گشتی بسووتێنێت و گوتی: "خۆپیشاندەران مافی خۆیانە خۆپیشاندانی ئاشتییانە بۆ داواكارییەكانیان ئەنجام بدەن".
لیوا یەحیا رەسول باسی لەوەشكرد كە هێزە ئەمنییەكان، كەسێكیان دەستگیركردووە كە هەوڵی داوە بە مۆڵۆتۆف هێرش بكاتە سەر هێزە ئەمنییەكان.
دوێنێ یەكشەممە لە یەكەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و ژمارەیەك لە شارەكانی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەنجام دران.
لە ٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا، خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك پارێزگای دیكەی عێراق بەڕێوەچوو كە بەھۆیەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.