Sarmand Hameed
26 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکخستنەوەی کارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە گرنگی وەزارەتەکەدا و داوای کرد پەرە بە چاکسازییەکان و سزای گەندەڵکاران بدرێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە لایهن نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانهوه بڵاوکراوەتەوە، قوباد تاڵەبانی بە ئامادەبوونی وەزیری پلاندانان، دارا رەشید مەحمود و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکان و رێکخستنەوەی کار و پلانەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجامدا.
لەتەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پرۆسەی ھاتنی کارمەندان و کرێکارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان کراوه، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردراوه کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ھەموو کارمەندان و کرێکارانی بیانی ھاتوو لە داتابەیسێکی تایبەتدا تۆمار بکرێن. ھەروەھا بڕیار درا پرۆسەی پێدانی ڤیزا جیا بکرێتەوە لە پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و رێکتر بخرێتەوە لە نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم.
ھەر لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردووەتەوە کە دەبێت گەندەڵییەکانی پەیوەست بەھاتنی کارمەند و کرێکارانی بیانی وپێدانی ڤیزا و مۆڵەتی نیشتەجێ بوون بنبڕ بکرێن و سزای یاسایی توندی گەندەڵکارانی ئەو پرسە بدرێت.
ھەروەھا کۆبوونەوە بڕیاریدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکبھێنرێت بە سەرۆکایەتی وەزارەتی پلاندانان بۆ پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی ھاتنی کارمەند و کرێکاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و رێگریش بکرێت لە ھاتنی نایاسایی و ئەوانەشی بە یاسایی دێن لە داتابەیسێکی تایبەتدا تۆمار بکرێن.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە رایگهیاندووه: "دەبێت کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت مافیان پارێزراو بێت و داتا و زانیاری تۆمارکراویش لای حکوومەت ھەبێت ".
ھەروەھا کۆبوونەوە بڕیاریداوه پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای کار و ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.