Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2026
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە میوانداری وڵاتانی کەنداو بکات بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە و جەختی لەوەش کردەوە کە کۆتاییھێنان بە جەنگ لە ناوچەکە کاری لەپێشینەی ھەمووانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی فوئاد حوسێن کۆبووەوە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە فوئاد حوسێن و عەباس عەراقچی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامداوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی عەباس عەراقچی بۆ عێراق گرنگییەکی زۆری ھەیە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتۆن واژوو کراوە و ڕاشیگەیاند کە ھێشتا شەڕ لە ناوچەکە و دەورووبەری گەرووی ھورمز بەردەوامە.
فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێکردووە، لەوانە ئەو ھێرشانەی کە لە میانی جەنگی ئەم دواییە کراونەتە سەر عێراق، ھەروەھا پرسی داخستنی گەرووی ھورمز کە بووەتە ھۆی ڕاگراتنی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق و گوتی: "داخستنی گەرووی ھورمزەوە، کاریگەری خستووەتە سەر دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق".
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای کرد کە کۆبوونەوەیەک لەنێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران ئەنجام بدرێت و گوتی: "عێراق ئامادەییە میوانداری وڵاتانی کەنداو بکات بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە و کۆتاییھێنان بە جەنگ".
فوئاد حوسێن جەختی لەوەش کردەوە کە کۆتاییھێنان بە جەنگ لە ناوچەکە، کاری لەپێشینەی ھەمووانە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "بنەمای سیاسیەتی عێراق بریتییە لە ڕەتکردنەوەی جەنگ و چارەسەرکردنی کێشەکانە بە گفتوگۆ".
فوئاد حوسێن باسی لەوەش کرد کە عێراق ڕۆڵێکی گرنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێران گیراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئەمریکا و ئێراندا ھەیە و ئێمە ئامادەین لەگەڵ ھەردوولا ھەوڵی کۆتاییھێنان بە جەنگ بدەین".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئێرانی کرد لە ھەمبەر ئەوەی کە بەردەوام عێراق لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاگادار دەکەنەوە.
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەشدا گوتی: "سەردانەکەم بۆ بەغدا لە دۆخێکی ھەستیاردایە و حکوومەتی عێراق بۆ چەندین جار ھەڵوێستی گرنگی ھەبوو لە سەرکۆنەکردنی ئەو دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر وڵاتەکەمان".
عەباس عەراقچی جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی درێژە بە ھاریکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بدات لە بوارە ستراتیژییەکاندا.
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد کە یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئەمریکا، وەستاندنی جەنگ لەسەرجەم بەرەکاندا دەگرێتەوە لەنێویاندا لوبنان و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوەستێندرێن، ھەروەھا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکەدا، دەبێت ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەرجەم ئەو ناوچانەی لوبنان کە داگیرکردوون، بکشێنەوە و ئەوەش وەک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی حکوومەتی ئەمریکا دایە.
عەباس عەراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "نابێت ھیچ لایەنێک دەست لە بەڕێوەبردنی گەرووی ھورمزدا وەربدات و گەرووی ھورمز لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و دوای لابردنی بەربەستەکان دۆخەکە دەگەڕێتەوە پێشووی خۆی، جگە لەوەش ھیچ لایەنێک ناتوانێت کار لە گەرووی ھورمزدا بکات کە پێچەوانەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان بێت لەگەڵ ئەمریکا".
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێنی لە پێشھاتەکانی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاگادارکردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عەراقچی لە کۆتایی قسەکانییدا ڕایگەیاند کە لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا ھەوڵدەدات، میکانیزمێک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دابنێن تا تەرمی ڕابەری پێشووی وڵاتەکەی، عەلی خامنەیی بھێننە شارەکانی نەجەف و کەربەلا، بەرلەوەی لە ئێران بەخاک بسپێردرێت.