Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2026
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ھێزێکی ھاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکی و ھێزە ئەمنییەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئەنجامدا.
دەگوترێت لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ژمارەیەک سەرکردەی باڵای سیاسی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە تۆمەتی "گەندەڵی" دەستگیر کراون.
ھاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق "INA"ی ئاشکرای کردووە کە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی بریکاری وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی، ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە گەندەڵی تێوەگلاون، دەستگیرکرا.
لە ماوەکانی ڕابردوو عەدنان جومەیلی کە بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بوو بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی لە ھەوڵەکانی درێغی ناکات بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە لە گەندەڵی تێوەگلاون.
تا ئێستا بە فەرمی ناوی دەستگیرکراوەکان لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و یان حکوومەتی عێراقەوە ئاشکرا نەکراوە.