Haydar Karaalp
24 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2021
بەغدا - AA
لە ئاکامی ھێرشێکی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەددین، ١٢ سەربازی حەشدی شەعبی کوژران کە فەرماندەیەکی سەربەو لیوایەش لە نێو کوژراوەکان دایە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە رۆژھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین ھێرشی کردووەتە سەر لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی.
لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ١٢ سەربازی حەشدی شەعبی کوژراون کە فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو عەلیا حەسناوی-یش لە نێو کوژراوەکان دایە، ھاوکات ١٥ سەربازیش برینداربوون.
ئەم ھێرشەی داعش دوای دوو رۆژ لەو دوو کردە خۆکوژییە دێت کە لە گۆڕەپانی تەیەڕان ناوەڕاستی بەغدا روویاندا و بەھۆیە ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ی دیکە برینداربوون.
رۆژی ھەینی، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، فەریقی یەکەمی روکن عەبدولوەھاب ساعدی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لەژێر ناوی "تۆڵەی شەھیدان" دەستی پێکرد.