Sarmand Hameed
30 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک، چوار پێگەی رێکخراوە خاپوور کراوە و دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک کەلوپەل و پێداویستی تیرۆریستان.
بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوەی لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگریی، هێزێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕالی، ئۆپەراسیۆنێکیان دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە باشووری گوندی سەتیح لە ناحیەی رەشاد سەربە قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، چوار پێگەی رێکخراوەکە خاپوور کراوە.
ئەوەش خراوەتە روو کە ئەو چوار پێگەیەی تیرۆریستان هەشت بۆمبی چێنراو، دوو مووشەکی کاتیوشا و چەند کەلوپەلێکی دیکەیان تیادابووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، سەرجەمیان لەناوبراون.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنترۆڵی کردبوو.
وێڕای ئەوەی سهرۆكوهزیرانی پێشووتری عێراق، حهیدهر عهبادی لە ساڵی ٢٠١٧دا، سهركهوتنی بهسهر ئهو رێكخراوهدا راگهیاند و ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکاندا شکست پێهێناوە و شارەکانيان ئازادکردووە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەواری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار.