Rewa Mahmood Hasan
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
سلێمانی - AA
ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان کرد و بڕیارە دواتر لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن.
دوای ئەوەی لە ماوەکانی پێشوودا، لقی چوار و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی رووبەڕووی تەقەلێکردن بوونەوە، شاندێکی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەی ناوخۆ سەردانی شاری سلێمانی کرد.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقەکردن لە بارەگاکانی پارتی و وەرگرتنی زانیاری تەواو لەسەر ئەو پرسە سەردانی سلێمانی-یان کردووەو بڕیارە دواتر لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی ئەو بابەتە بکەن.
پێشەوا هەورامی گوتی: ''ئەمڕۆ هاتووین بۆ بابەتێک کە بۆ هەموومان جێگەی پرسیارە، ئەویش پرسی تەقەکردن لە بارەگاکانی پارتی دیموکرات لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، قەڵادزێ و رانیە، ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا و هەموو وردەکاریەکمان وەرگرت لەسەر رووداوی تەقەکردنەکان، چەند کۆبوونەوەیەکمان دەبێت لەگەڵ بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و ئاسایش. دەمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرین کە بۆچی هەموو جارێک ئەم بابەتە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە".