Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
31 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
لە چوارچیوەی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان تاوەکو لە کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەدا پارێزراو بن، سەنتەرێکی تایبەت بە پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایانی هەولێر لە قوتابخانەی شەهید فاخیر مێرگەسوری کرایەوە و رۆژانە لەتوانایدایە، ٥٠٠ دۆز ڤاکسین بدات بە مامۆستایان.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای کردنەوەی سەنتەرەکە رایگەیاند "لە چوارچێوەی خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە، سەنتەرێکی رۆژانە بۆ پێدانی ڤاکسینمان کردەوە، بەپێی ئەو ئامادەکارییەی کراوە لێرە هەموو رۆژێک، ٥٠٠ مامۆستا دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، پێشتریش رۆژانی سێشەممە تایبەتکرابوو بە مامۆستایان، بەڵام بۆئەوەی پرۆسەکە خێراتربێت و ئامادەکارییەکان باشتر بکرێت و پرۆسەی خوێندن لەکاتی خۆیدا دەست پێ بکات بۆ ئەمساڵ ئەو کارە ئەنجام دراوە".
گوتیشی: "خەڵک باش دەزانێت پارساڵ پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕی، بەهیوای ئەوەی ئەمساڵ بەو ئامادەکارییانەی دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و خۆپارێزییەکان لەلایەن قوتابی و خوێندکارانەوە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمساڵ پرۆسەی خوێندن و پەروەردە سەرکەوتوانەتر و باشتر لە ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوەبچێت".
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند "داواکارین لە مامۆستایانیش کە ئەوانیش بەشێکبن لە خێرا بەرێوەچوونی پرۆسەکە لەبەر ئەوەی بەشداریکردنیان و ناونووسکردنی خۆیان و هاتنە پێشیان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن تەواوی مامۆستایان ڤاکسینیان وەرگرتبێت کە ئەویش دەبێتە هۆکاری سەلامەتی گیانی خۆیان و خوێندکاران و هەموو کۆمەڵگاش".
دواتر بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، دلۆڤان محەمەد لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "پێشتر بڕیاردرابوو هەموو رۆژانی سێشەممەیەک بنکەکانی پێدانی ڤاکسین تایبەت بێت بەمامۆستایان، ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر ٥٨ بنکەی پێدانی ڤاکسین لە خزمەتی مامۆستایاندان بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن دوانەکەوێت و بەپرۆسەیەکی ئاساییدا تێپەڕێت، بۆیە ئێمە ئەم بنکەیەشمان کردەوە و رۆژانە دەتوانێت نزیکەی ٥٠٠ مامۆستا لێرە ڤاکسین وەربگرێت ئەمەش دەبێتە خێراکردنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستایان".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر راشیگەیاند "هەماهەنگییەکی باش لەنێوان کەرتی تەندروستی و پەروەردە هەیە و بەردەوامیش دەبێت، لەپلانماندا هەیە ئەگەر بێت و ئەم بنکەیە بەشی هەموو مامۆستایان نەکات و پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەنەچێت، ئەوا لە پلاندایە کە بنکەی دیکە دابین بکەین".
دلۆڤان محەمەد گوتیشی: "ئێستا پرۆسەی پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان بەشێوەیەکی زۆر باش دەڕوات، بۆیە داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین بەدەنگ پرۆسەکەوەبێن و خۆیان تۆماربکەن، ئێستا لە زۆرینەی بنکەکان هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەردەستە، پەتاکە هێشتا لە جیهاندا بڵاوە بەداخەوە لە نەخۆشخانەکان ژمارەیەکی زۆری نەخۆش هەیە و ژمارەیەکی زۆری نەخۆشیش لە بەشی چاودێری چڕن بۆیە دووپاتی دەکەینەوە، هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن و خۆیان بپارێزن".