Sarmand Hameed
04 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا رایگەیاندووە "با رشتنی خوێنی هاووڵاتییانی عێراقی پیرۆز بە دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت بووەستێنرێت".
سەدر راشیگەیاندووە "باهەڵبژاردنی پێشوەختە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدەین، ئەوەی ئێستا روودەدات لە بەکەم سەیرکردنی خوێنی هاووڵاتییانی عێراق ناکرێت لەئاستیدا بێدەنگ بین".
پێشتر سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا داوای لە فراکسیۆنی سائیرون کە خاوەنی ٥٤ کورسییە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردبوو کارەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵپەسێرن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لە لایەن حکوومەتەوە جێبەجێ دەکرێن.
دوای بەیاننامەکەی سەدر، فراکسیۆنی سائیرون وەک وەڵامێک بۆ بانگھێشتەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، کارەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵپەسارد.
ھەر ئەمڕۆ ھاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی کە خاوەنی ١٧ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ھەڵپەساردنی ئەندامییەتی ئەندامەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند، ئەمەش وەک پاڵپشتی و پشتگیرییەک بۆ ئەو خۆپیشاندانانەی کە چەند رۆژێکە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچن.
لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە خۆپیشاندان لە شاری بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق ئەنجام دەدەرێت و بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە میانی خۆپیشاندانەکاندا تاکو ئێستا ٤١ کەس کوژراون و دوو هەزار و ٢٣ ی دیکە بریندار بوونە.