Rewa Mahmood Hasan
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
یاداشتێک بەواژووی ژمارەیەک رێکخراوی ناحکوومی لە هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی کۆمەڵگای مەدەنیی پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان سەربە ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکرایەوە.
لە یاداشتەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ ئێمە ئامانجمان خستنەڕووی هەموو ئەو پێشێلکارییانەیە کە دەرحەق بە رێکخراوەکان دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا ئەو بڕیارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان بەرامبەر رێکخراوەکان دەکرێت، بۆ سنووردارکردنی کاری رێکخراوەیی و ژینگەی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان".
هەروەها هاتووە "لەماوەی رابردوو بەئێستاشەوە کۆمەڵە هەوڵێک هەیە بۆ سنوردارکردنی کاری رێکخراوەیی و ژینگەی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لەوەی پێچەوانەی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ی رێکخراوە ناحکوومییەکانە، هاوکات دروستکردنی کەلێنە لەبەرامبەر ماف و ئازادیە گشتیەکاندا لەهەمان کاتدا پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە ژير پرسیارەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە لە رێگەی یاداشتێکەوە هەموو کێشە و گرفتەکان دەخەینە بەردەم دەزگاکانی راگەیاندن".
لە یاداشتەکەدا کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە جەخت لە ماددەی ١٤ی برگەی چوار لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ کراوەتەوە کە ئاماژە بەوە کراوە داهات و دارایی رێکخراوەکان لە هەموو باج و رسوماتێکی گومرکی دەبەخشرێن، بەڵام رێکخراوەکان باج و رسوماتی فەرمانبەران دەدەن ئەمەش پێچەوانەی یاساکەیە.
لە بەشێکی تری یاداشتەکەدا هاتووە کە راگرتنی تۆماری رێکخراوەکان بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران پێشلی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١یە، هاوکات وەرنەگرتنی راپۆرتی ساڵانەی دارایی و کار و چالاکی رێکخراوەکان لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان بەبڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵێکە بۆ سڕکردن و لەکارخستنی رێکخراوکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.