Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ، کاروان محەمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ماوەی ھەشت کاتژمێردا دوو رووداوی ھاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیان لەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی ٢٩ کەسی تری لێکەوتەوە".
ئەو گوتی: "کاتژمێر نۆی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەھۆی وەرگەڕانی مینی پاسێک لە شاخی بەرانان لە دەربەندیخان ( لە دووری ٦٦ کلم لە باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) و کەوتنە خوارەوەی بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی دوو کەس و برینداربونی ١٩ کەسی تر ".
قوربانییانی رووداوەکە ئەندامی دوو خێزانی عەرەبی دانیشتووی پارێزگای دیالە بوون و دوای گەڕانەوەیان لە گەشتێکی ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا و بەھۆی داخرانی تونێلی دەربەندیخان و نەشارەزیی شۆفێرەکەوە، لە رێگای سەر شاخی بەرانان کەوتووەتەوە خوارەوە، لە ئێستاشدا بەشێک لە بریندارەکان بەھۆی سەختی برینەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون و بەشێکی تریشیان لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان لەژێر چارەسەرکردندان.
گوتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی گوت: "کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەسەر رێگای تانجەرۆ لە نزیک سلێمانی ، بەھۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمۆبێلەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و ١٠ کەسی تریش بریندار بوون".