Rewa Mahmood Hasan
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2021
سلێمانی-AA
خۆپیشاندانی خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە سلێمانی و ژمارەیەک ناوچەی پارێزگاکە بەردەوامی هەیە دژبە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی کە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە کەمکردنەوەی ماوەی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکان لە ٤٠ رۆژەوە بۆ ٢٨ رۆژ، ئەویش بەهۆی رێکارە تەندروستییەکان و مانگرتنی مامۆستایان بەهۆی نەدانی مووچەوە، لەئێستادا و بۆ ماوەی چوار رۆژ خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستیان داوەتە خۆپیشاندان .
کاتژمێر ٠٩:٣٠ی ئەمڕۆ، خوێندکاران بۆ رۆژی چوارەم لە سلێمانی دەستیان دایە خۆپیشاندان و سەرەتا لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە.
بەگوتەی ژمارەیەک لە خوێندکاران، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە بەسەر خوێندکارە خۆپیشاندەرەکاندا و هەوڵی بڵاو پێکردنیان داون.
دوای ئەوەی کە هیچ ئەنجامێکیان دەست نەکەوت، خوێندکاران بەپێ بەرەو بینای پارێزگای سلێمانی بەڕێکەوتن.
خوێندکاران کاتژمێر ١١:٠٠ گەیشتنە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی و رێگای هاتوچۆی سەرەکی بەردەم پارێزگایان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخست.