Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایناوە، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی رابردووە و بەپێی ئەو خشتەیە مووچەی خانەنشینانی شارستانی دابەش دەکرێت.
مووچەی خانەنشینان دەکەوێتە کۆتایی خشتەی دابەشکردنی مووچەوە، لەو رۆژەشدا بەردەم بانکەکان قەرەباڵەخی زۆریان لەسەر دروست دەبێت و ژمارەیەکی خانەنشینان لە ژن و پیاو لە بەری بەیانەوە روو لە بانکەکان دەکەن.
لە شاری سلێمانی چەند بانکێکی حکومی بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان دیاری کراون، بە ھۆی کەمی ژمارەی ئەو بانکانە و زۆری ژمارەی خانەنشینانیشەوە، فشارێکی گەورە لەسەر ئەو بانکانە دروست دەبێت.
بەشێکی زۆری خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان نیگەرانن لە کەمی مووچەکانیان و خراپی دۆخی ژیانیان لە دوای دەیان ساڵ خزمەتکردن لە فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا.
ئەوان بەرلە دەستپێکردنی دەوامی فەرمانگەکان و کردنەوەی دەرگای بانکەکان لە بەردەم ئەو بانکانەدا ئامادە دەبن و لە نۆرەی چوونە ژوورەوەدا دەوەستن، بەجۆرێک بەشێکیان باس لەوە دەکەن لە دوای پارشێو لە ماڵەوە بەڕێدەکەون تاوەکو لە سەرەتاوە بتوانن مووچەکانیان وەربگرن و بگەڕێنەوە و بەشێکی پێداویستییەکانیانی پێ دابین بکەن.