Heman Hussein Yaseen
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2021
هەولێر - AA
بەبۆنەی ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، داوایش لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی دەکات کە رۆڵ بگێرێت لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و زەمینە بۆ نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بڕەخسێنن.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایق لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٧٥ەمین ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئاراستەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کردووە، بڵاویکردووەتەوە "بەبۆنەی ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێزتان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەکەین، ھیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خەباتی سیاسیی و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و بەدیھێنانی سەرجەم خواست و داواکارییە رەواکانی کوردستانیان بەگشتی".
رێواز فایەق لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە چەندین پرسی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و تەندروستیی کردووە و ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بۆ ھەموو ئەو پرسانە پێویستە بەرژەوەندی سیاسیی و حزبیی بەلاوەبنرێت و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەنێوان لایەنەکان ھەبێت و لەمبارەوە دەڵێت "وەک دەزانن لەئێستادا ھەرێمەکەمان لەگەڵ چەندین پرس و ئاڵنگاریی گەورەی سیاسیی، ئەمنیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و تەندروستیی رووبەڕووە، ھەموو ئەمانەش دەخوازن ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندیی حزبیی و کێشە لاوەکییەکان وەلابنێین و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش بکەین بە بنەما بۆ یەکخستنی رایەڵە نیشتمانییەکان لە پێناو پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمان و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی وەدیھێنانی خواست و داخوازییەکانی گەلی کوردستان لە تەواوی ئاست و بوارە جیاوازەکاندا".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە "بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش پێشبینیمان ئەوەیە کە بەڕێزتان لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و حزبە تێکۆشەر و بەرپرسیارەکانی تری کوردستان رۆڵی بەرپرسیارانەی خۆتان لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر ھەرێمەکەمان بگێڕن و زەمینەی نووسینەوەی دەستوورێکی گەلپەسەندی گونجاو لەگەڵ ھەلومەرجی نوێی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە بڕەخسێنن، بە جۆرێک خواستەکانی ھاووڵاتییانی کوردستان و ماف و ئازادییە گشتییەکانیان ببێتە تەوەری گشت سازان و لێکگەیشتنەکان".