Heman Hussein Yaseen
14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2020
ههولێر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش رێواز فایەق رایدەگەیەنێت، کە بانگھێشتی هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ناکات کە سوودی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە مەبەستی هەماهەنگی و داڕشتنی پلانێک بۆ وەرزی نوێی یاسادانان، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بە هۆی ئەو ناکۆکییانەی کە لە دوای دانیشتنەكەی رۆژی حەوتی ئایار کە تیادا پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵگیرا، دروست بوون، بەشێک لە فراکسیۆنەکان بایکۆتی کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانیان کرد.
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامیی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان ناڕەزایەتییان دژبە هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتاران نیشان داوە و ئەمڕۆش دوای بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکەدا یادداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.
لەم بارەیوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە یاداشتی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانییان پێگەیشتووە و تاوتوێی دەکەن بۆ کۆبوونەوەش لەگەڵیان بڕیاری خۆیان دەدەن.
رێواز فایق لەبارەی یادداشتەکەی بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش گوتی: "پەیامەکەیانمان وەرگرت، دواتر بڕیار دەدەین کە کەی لەگەڵیان کۆببینەوە".
لەبارەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش، رێواز فایەق گوتی: ''دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەوکاتە ئەنجام دەدرێت کە باس لە کێشەکانی خەڵک بکات و شکۆی پەرلەمان بگەڕێتەوە و پەرلەمان بڕیاری ھەبێت، بۆیە من بانگھێشتی ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ناکەم ئەگەر سوودی بۆ خەڵکی کوردستان نەبێت''.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەمال حەوێز رایگەیاند کە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ناکەین تا ئەو کاتەی کە کێشەکان بە تەواوە چارەسەر نەکرێن".
جەمال حەوێز جارێکی دیکە رەخنەی لە کۆبوونەوەی حەفتی مانگ بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر بەشێک لە پەرلەمانتاران کرد و گوتی: "لەگەڵ کپکردنی دەنگی ئازاددا نین".
لە بەرامبەردا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئۆمێد خۆشناو رایگەیاند: "لەگەڵ هەموو دەستپێشخەرییەکین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و هیچ هۆکارێک نابینین بۆ راوەستاندنی کاری پەرلەمان" و داوایکرد کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دەرەوەی ئەو ناکۆکییانە بن کە فراکسیۆنەکان هەیانە و گوتی: "سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان لە سەرەوەی فراکسیۆنەکانن و نابێت بێنە ناو ئەو کێشانەی کە فراکسیۆنەکان هەیانە".