Heman Hussein Yaseen
14 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران کە دابەشکردنی مووچەکانییان لە رۆژانی جەژنی نەورۆزیشدا بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیاییدا ھاتووە: "بە پێویستی دەزانین سەرجەم مووچەخۆران دڵنیابکەینەوە کە دابەشکردنی مووچە تەنانەت لە رۆژانی جەژنی نەورۆزیش بەردەوام دەبێت"
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە خشتەی مووچەی ئەو شوێنانەی دابەشنەکراون ئەوا رۆژانە بڵاودەکرێنەوە.
رۆژی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٢، وەزارەتی تەندروستی وەکو یەکەم وەزارەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان دیاریکرابوو، مووچەیان وەرگرت.
بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان تا رۆژی پێنجشەممە ئەو شوێنانەی مووچەکانییان وەردەگرن بریتیین لە، ئەمڕۆ دووشەممە، مووچەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، سبەی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ھەروەھا رۆژی چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە و، رۆژی پێنجشەمەش وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەس و کاری شەھیدان و زیندانە سیاسییەکان مووچەکانییان وەردەگرن.
جێی ئاماژەیە لە ھەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و ٢٥١ ھەزار و ٤٥١ مووچە خۆر ھەیە، کە ٧٥١ ھەزار و ٨٠٥ کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، هەروەها ٢٤٢ ھەزار و ٢٦٩ کەسیان خانەنشینن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە بڕی ٨٩٥ ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە دەکاتە ١٠ تریلیۆن و ٧٤٠ ملیار دینار.