Heman Hussein Yaseen
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد و تیایدا ئاماژەی بە سەلامەتی و پاراستنی ژینگە کردووە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری ژینگەیی و راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، رەزاق خەیلانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، چەند رێنماییەکی خستەڕوو کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیان کردووە لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و رایگەیاند "هەڵبژاردنێکی سپی و ژینگەیەکی سەوزمان دەوێت".
رەزاق خەیلانی گوتی: "وەک دەزانین دەستووری هەمیشەیی عێراق بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران پەسەندکراوە، ژینگە جێگای خۆی کردووەتەوە لە ماددەی ٣٣ کە هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە لە ژینگەیەکی سەلامەتدا".
رەزاق خەیلانی گوتیشی: "پاڵپشت بە ماددەی ١٦ لە بەشی شەشەمی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠٠٨ی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پێویستە قەوارە سیاسییەکان لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، پابەندی چەند بابەتێک بن کە بریتییە لەوەی لافیتە و نووسینەکانیان لەسەر قوماش و کاغەز بن نەک لەسەر فلێکس و نایلۆن کە دواجار بە ئاسانی شی نابنەوە و زیان بە مرۆڤ، گیانلەبەران، رووەک و خاک دەگەیەنن".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری ژینگەیی و راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە گوتیشی: "دەبێت پۆستەرەکان بە تێپ جێگربکرێن نەک بە سیکۆتین، بزمار بەکارنەهێندرێت بۆ داکوتینی لافیتە لەسەر درەختەکان، بە لافیتە درەختەکان دانەپۆشرێن، پێویستە جوانبینی و پاراستنی هەستی بینین رەچاوبکرێت، چونکە هەڵواسینی هەڕەمەکی لافیتە و پۆستەرەکان دەبێتە هۆی شێواندنی هەستی بینین، هەروەها زیادەڕۆیی نەکرێت لە بەهەدەردانی کاغەز و کارتۆن، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ماددەی پلاستیکیی و نایلۆن بدرێتە دەنگدەر وەک بانگەشە و لە حاڵەتی گردبوونەوەی جەماوەرییشدا، پێویستە هەڵسوڕاوانی لیستەکان دەبەی ئاو و پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە، چونکە خاشاک زیان بە ژینگە و مرۆڤ دەگەیەنێت".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری ژینگەیی و راگەیاندن لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت پاڕکە گشتییەکان و باخچەی گەڕەکەکان بۆ بانگەشە بەکاربێت و ئەوەیشی خستەڕوو کە دەتوانرێت شاشەی گەورەی ئەلیکترۆنی و تەلەڤیزیۆن لە شوێنە گونجاوەکان بەکاربهێنن بۆ بانگەشەکردن، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە بەردەوام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان حزبە سیاسییەکان ئاگاداربکاتەوە لەو سزا داراییانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە حاڵەتی سەرپێچیکردنی یاساکانی ژینگە و شارەوانیی".
رەزاق خەیلانی گوتیشی: "پێویستە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی ئەو لایەن و قەوارە سیاسییانە ئاشکرا بکات کە پابەندی یاسا و رێنماییە ژینگەییەکان نابن و خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی قافڵەی ئۆتۆمبێل وەک شێوازێک بۆ بانگەشەکردن، چونکە بەکارهێنانی هۆڕن زیان بە هەستی بیستن و باری دەروونی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هاوکات دوکەڵی گزۆزیش زیان بە کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ دەگەیەنێت".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری ژینگەیی و راگەیاندن ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆمیسیۆن هاوکاربێت لەگەڵ رێکخراوەکان و بۆردی رێکخراوە ژینگەییەکان بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییە ژینگەییەکان بکەن، هاوکات کۆمیسیۆن بە هاریکاریی لەگەڵ میدیاکاندا، هەوڵ بدات بۆ تێکهەڵکێشکردنی بابەتەکانی ژینگەپارێزیی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردندا.