Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانە، بەو بۆنەیەوە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.
لەو چوارچێوەیەدا رێكخراوی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ راهێنان و راوێژكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی كۆتایی پڕۆژەی هەڵمەتی هۆشیاری دژبە ماددە هۆشبەرەكان راگەیاند و پڕۆژە یاسایەكی رادەستی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان كرد.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی، جەلال ئەمین بەگ ئاماری كار و چالاكییەكانی تایبەت بە هێزەكانیان راگەیاند و گوتی: "لە میانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ئەو كەسانەی لەسەر بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان گیراون گەیشتووەتە 160 كەس، بەداخەوە لەنێو گیراوەكاندا ژنان و منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵان هەیە كە بازرگانی و بەكارهێنەرن".
جەلال ئەمین بەگ گوتی: "ئامارەكان جێگای نیگەرانین كە لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تۆماركراون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو كە 240 كەس بووە زیاتر بووە و تا شەش مانگی داهاتوو ژمارەكە بەرزتر دەبێتەوە".
بەرپرسەكەی ئاسایش ئەوەشی گوت "وەك ئاسایشی سلێمانی هەست دەكەین ئەو ماددە هۆشبەرانە بە پلان هێنرابن و لە شارەكانی هەرێم بڵاو بكرێنەوە، مەترسی ئەوەشمان هەیە ناوچەكەمان ببێتە ترانزێت و ماددە هۆشبەرەكان بەسەرمان تێپەڕێنرێت، وەك ئەوەی لەماوەی رابردوودا چەندین ماددەی جۆراوجۆرمان گرت كە هەوڵی گەیاندنیان بە ئەورووپا دەدرا".
بەگ نیگەرانی خۆشی نیشاندا لە زۆربوونی ژمارەی كافتریا و شوێنەكانی تایبەت بە نێرگەلە كێشان و مانەوەی كوڕان و كچان تا كاتێكی درەنگانی شەو بە دیار نێرگەلە كێشانەوە، ئەوەشی بە هۆكارێك بۆ تێوەگلان لە ماددە هۆشبەرەكان زانی، بۆ ئەو مەبەستە داوای كرد حكوومەت چاوخشاندنەوە بەو بابەتەدا بكات.
هەروەها داواشی كرد بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەكان، حكوومەت شوێنی تایبەت بۆ چارەسەركردن بكاتەوە لە بری ئەوەی رەوانەی چاكسازی و گرتووخانەكانیان بكات كە ئەو بە هۆكاری بڵاوبوونەوە و تێوەگلانی زیاتری كەسانی تر بە ماددە هۆشبەرەكان ناوی برد.