Rewa Mahmood Hasan
16 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
بەمەبەستى پاراستنى شوێنەوارەکان و رێگریکردن لە دزین و تاڵانکردنیان و بەگژداچوونەوەى هێنان و ساغکردنەوەى هەرجۆرە دراوێکى ساختە، دوو باندى ساختەکار و دزینى شوێنەوار دەستگیرکران و دەستبەسەر چەندین ئامێر و دراوى ساختەدا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە ئاماژە بەوە دەکات کە باندى ساختەکار و دزینى شوێنەوار دەستگیرکراون و دەستبەسەر چەندین ئامێر و دراوى ساختەداگیراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''هێزەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى، بەسەرپەرشتى و رێنمایی دەزگاى ئاسایشى هەرێم، بەفەرمانى دادوەر توانیان لە رۆژى ٢٩ ی ئابی ٢٠٢١ لە چەند چالاکییەکدا، حەوت تۆمەتبارى دوو باندى دزینى شوێنەوار و مامەڵەکردن بەدراوى ساختەوە دەستگیربکەن".
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکرێت کە تۆمەتباران لەکاتى گەڕان بۆ شوێنەوارە دێرینەکان لە ناوچەى شارباژێر و قەرەداغ و کاتى مامەڵەکردن بە دراوى ساختەوە دەستگیرکراون و دەستبەسەر حەفتا هەزار و شەش سەد ( ٧٠٦٠٠ ) دۆلارى ئەمریکى ساختە لە جۆرى (٥٠) دۆلارى و یەک ئۆتۆمبیل و یەک موەلیدە و چەندین ئامێرى هەڵکۆڵینداگیراوە و سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەکانى (٢٨١ و ٥٩) لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانیان بەردەوامە.