Rewa Mahmood Hasan
09 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی گەمارۆی گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق-یان دا و پشکنینیان ئەنجام دا.
کاتژمێر ١٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نۆی ئەیلوولی ٢٠٢١، هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی گەمارۆی گرووپی کۆمپانیاکانی فاروقی دا لەسەر شاڕێی سالم و دوای ئەنجامدانی پشکنین لە بیناکەدا، کشانەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەمان هێز گەمارۆی کارگەی ئاسن و چیمەنتۆی سەربە گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق-یان دابوو لە بازیان.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە چەند چەکێک لەنێو کارگەی گاسندا دۆزراوەتەوە.
ماوەیەک لەمەوپێش دوای بڕیاری چاکسازییەکانی هەشتی تەمووز کە لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ئەنجام درا و چەند کەسێک لە پۆستی ئەمنیی،سیاسیی و ئیداریی دوورخرانەوە، چەندین خاوەنکار بەتۆمەتی سەرانە لێوەرگرتن سکاڵایان تۆمار کرد و لەیەکێک لە سکاڵاکاندا سەرمایەدارێک بەناوی بڵند عەلی عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەدابوو کە چەند کەسێک لەوانە بەرپرسی پێشووی دەزگای دژەتیرۆر، پۆڵاد جەنگی و کوڕی فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی فاروق دەستیان هەبووە لەو سەرانە وەرگرتنە و ئەشەکەنجەدانی ناوبراودا.