عێراق

دووەم کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ھەرێم، عێراق و ئێران بەڕێوەچوو

لایەنە تایبەتمەندەکان لە عێراق و ئێران بە سەرپەرشتی خاچی سووری نێودەوڵەتی، دووەم کۆبوونەوەی تایبەت بە سۆراخی ونبووانی شەڕی هەشتاکانی سەدەی رابردووی نێوان عێراق-ئێران لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 24.06.2019 - نوێکردنەوە : 25.06.2019
دووەم کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ھەرێم، عێراق و ئێران بەڕێوەچوو

Arbil

هەولێر - AA

لایەنە تایبەتمەندەکان لە عێراق و ئێران بە سەرپەرشتی خاچی سووری نێودەوڵەتی، دووەم کۆبوونەوەی تایبەت بە سۆراخی ونبووانی شەڕی هەشتاکانی سەدەی رابردووی نێوان عێراق-ئێران لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرەڤان حەمدی و نوێنەری وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیوا حازم قاسم و فەرماندەی کۆمیتەی بەدواداگەڕانی ونبووان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لیوا سەید محەمەد باقرزادە بەشداربوون کە دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرا.

بەرەڤان حەمدی گوتی: "ئەمڕۆ هەر سێ لایەن ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی دووەمی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا سەبارەت بەهەماهەنگی و رێکارەکانی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆرە بەکۆمەڵەکانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ناوچەی پێنجوێن، ماوەت و حاجی ئۆمەران بەسەرپەرشتی و چاودێری خاچی سووری نێودەوڵەتی و ئەم کارە بە بڕیاری یوئێن ئەنجام دەدرێت و لەناو خاکی ئێرانیش کار بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان کراوە".

بەرەڤان حەمدی گوتیشی: "ئەمڕۆ بڕیارماندا لەسەر چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەکان و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە لە داهاتوودا هەردوو شاند دەگەڕینەوە شوێنەکانی خۆیان و دواتر دەست بە ئاڵوگۆڕی نووسراوەکان دەکەین و بڕیاری ئەوەشماندا کە گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و سەماوەش دۆزراوەتەوە و لیژنەی سێقۆلیش ئامادەیی ئەوەیان نیشانداوە کە هاوکاری و هەماهەنگ بن لە رووی ناسینەوەی و بابەتی لۆجستی".

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: "بڕیاردرا کە لیژنەیەکی دووقۆڵی لە نێوان عێراق و ئێران دروست بکرێت کە تایبەت بێت بە منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و هەروەها سوود لە تاقیگەی کەوسەر وەربگیرێت تایبەت بە ناسینەوەیان".

ناوبراوە ئاشکرایشی کرد کە کارەکان لە ناوچەی پێنجوێن و ماوەت دەستیپێکردووە و بە هۆی کەشوهەواوەشەوە مانگی هەشت لە سنووری حاجی ئۆمەران دەست بەکارەکان دەکەن.

نوێنەری وەزارەتی بەرگریی عێراق، لیوا حازم قاسم گوتی: "بە پێویستمان زانی کە پڕۆسەی گەڕان بەدوای ونبووەکان ئەنجام بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکارەکان تەواودەبن".

دواتر فەرماندەی کۆمیتەی بەدواداگەڕانی ونبووان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لیوا سەید محەمەد باقرزادە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وێڕای سوپاسی میدیاکاران و گوتی: "وەک دەزانن پرسی مرۆڤایەتی جەنگ لێکەوتەیەکی رەوانی و کۆمەڵایەتی ھەیە کە دەبێت لە چوارچێوەی کاری ھەموو دەوڵەتاندا بێت. بە خۆشییەوە دوای رووخانی سەدام ئەو پرسە بە شێوەیەکی جددی لە پلانی کاری دەوڵەتی عێراق و ھەروەھا دۆستانی ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندایە و بە ھاوکاری و ھاوبەشی دوولایەنە و سێ لایەنە و تەنانەت چوارلایەنە و بە یارمەتی کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، ئێمە توانیمان بەشێکی زۆر ونبووانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشێک لە کوژراوانی عێراقی و بەشێک لە شەھیدانی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوو بدۆزینەوە. لە پاڵ ئەو چالاکیانە ھەروەھا دۆزینەوە و ناساندنی ئەو منداڵانەی کە لە کیمیابارانی ھەڵەبجە ھاتبوونە ئێران و لە ناو خێزانەکانی ئێرانیدا پەروەردە کراون و بەشێک لەوانە بۆ باوەشی خێزانەکانی لە کوردستان بگەڕێنینەوە و توانراوە ھەندێکیان بدۆزینەوە و بیانگەرێنینەوە".

لیوا سەید محەمەد باقرزادە گوتیشی: "ئێستا ئاگادارکراین کە لە لایەن سەرکۆمار بەرھەم ساڵح بڕیارە لە ناوچەی سەماوە و ناوچەی نەینەوا بۆ دۆزینەوەی شەھیدانی کورد کار بکرێت و ئێمە ئامادەین بۆ ھاوکاری لەم کارە، ئەوەش وەڵامێکە بۆ ئەو ھۆشمەندییەی کە لە دانیشتنی مەککە ھەیبوو، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ھەوڵ دەدەین یارمەتیدەری کوردەکان بین".

لە میانی قسەکانیدا، فەرماندەی کۆمیتەی بەدواداگەڕانی ونبووان لە کۆماری ئیسلامی گوتیشی: "ساڵی رابردوو کە ئێمە ھاتینە ئێرە و ھەنگاوی گرنگمان لە پارێزگای سلێمانی نا، ئەو کارە بە ھێزە و بەردەوامە بە ھاوکاری وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان و یارمەتیدانی لیوا حازم (نوێنەری وەزارەتی بەرگری عێراق) ئێمە کارمان لە پارێزگای ھەولێر و ناوچەی حاجی ئۆمەران و سیدەکان درێژە پێدەدەین. وەک پێشتر رامانگەیاندووە دوو هەزار و ٥٠٠ رووفاتمان لەو ناوچەیە ھەیە و بە گشتی لە ھەموو عێراق، ٤٣ ھەزار شەھیدی ئێرانیمان دۆزییەوە و ٢٠ ھەزار رووفاتی سەربازانی عێراقیمان رادەستی عێراقییەکان کردووە لە سەردەمی سەدام و دوای رووخانی سەدامیش".

سەبارەت بە شوێنی کارکردنی ئەو لیژنەیەی کە بڕیارە بەدوای گۆڕەبەکۆمەڵەکانیشدا بگەڕێت، سەید محەمەد باقرزادە گوتی: "لە بارەی ئێستاوە ئێمە لە پێنج ناوچەی کوردستان کار دەکەین کە بریتین لە ناوچەکانی پێنجوێن، دەربەندیخان، ماوەت، حاجی عومەران و ھەندێک ناوچەی خانەقین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın