Heman Hussein Yaseen
08 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد.
شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، ھۆشیار زێباری و شاندی یەکێتیی بەسەرۆکایەتی ھاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و شاندی بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتی رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی دوای گەشیتنیان بۆ سەرۆکایەتی ھەرێمیی کوردستان، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەشدارە و بەپێی زانیارییەکان بڕیارە باس لە دۆخی دارایی و ئەمنیی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان بکرێت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسیی و دارایی نێوان ھەولێر و بەغدا بکرێت بە تایبەت لە بارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا بگەن بە رێککەوتن.
پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەیەکەدا بڕیار لەسەر ناردنی شاندێکی هاوبەش بدرێت بۆ بەغدا بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی رابردوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی دیکەش بەشداربن لە گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.